ئەستێرەیەکی نامۆ، زانایان دەخاتە گومانەوە

2017/11/25

زانایانی بواری گەردون ناسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەواڵی دۆزینەوەی ئەستێرەیەکی نامۆیان راگەیاند، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە ئەستێرەکانی دیکە جیاوازە و خاوەنی تایبەتمەندییەکی سەیرە.

زانایانی ئاژانسی نیشتمانی ناسا، بە بەکارهێنانی مانگی دەستکردی "کێپلەر" کۆمەڵێک داتای گرنگیان لەبارەی ئەستێرەیەکی تازەوە بەدەستهێناوە و دەرکەوتووە کە ئەستێرەی (KIC 8462852) خاوەنی تایبەتمەندییەکی سەیرە، کە بە بەردەوامی بۆ ماوەی 80 رۆژ روناکییەکەی کەم دەکات و دواتر دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

لە گەردوندا، کاتێک هەسارە یان هەر تەنێک کە روناکیی نییە لە بەردەم ئەستێرەدا تێپەڕدەبێت، بۆ ماوەیەکی کاتی، کە چەند کاتژمێر یان چەند رۆژێک دەخایەنێت، پێش بە تێپەڕینی روناکیی ئەو ئەستێرەیە دەگرێت (هاوشێوەی تێپەڕینی مانگ لەبەردەم روناکیی خۆردا، کە نایەڵێت بۆ ماوەیەکی کاتی روناکیی خۆر، کە ئەستێرەیە بدات لە ناوچە جیاوازەکانی زەوی و دواتر دەردەکەوێتەوە)، بەڵام تایبەتمەندیی ئەم ئەستێرەیە جیاوازە لە تەواوی ئەستیرەکانی دەورووبەری و بەشێوەیەکی بەردەوام، کە بە گشتی نزیکەی 80 رۆژ دەخایەنێت، روناکییەکەی کەم دەکات و نامێنێت، دواتر دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە هیچ تەم یان بەرد و تەنێکی بچوک لەدەورووبەری ئەستێرەکەدا نییە، تاکو رێگە لە روناکییەکە بگرێت، چونکە ئەم حاڵەتە لە سەرەتاکانی دروستبوونی ئەستێرەوە روودەدات و ئەم ئەستێرەیە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە.

ئەگەر ئەستێرەکە لەسەرەتای دروستبوونیدا بووایە ئەوا پێوستبوو هەست بە چەند دیاردەیەکی دیکەی گەردونی تیادا بکرایە و بەڵام هیچ شتێکی لەو بابەتە لە ئارادا نییە.

زانایان ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە، کە لەکاتی کۆکردنەوەی ئەم داتایانەدا، مانگە دەستکردەکەی ناسا بۆ دۆزینەوەی هەسارەی هاوشێوەی زەوی لە بۆشایی ئاسماندا، بەباشی کاریکدووە و هیچ هەڵەیەک لە زانیارییەکاندا نییە.

بەشێک لە زانایان، گومان لە بوونی بوونەوەری ئاسمانی و چالاکییەکانیان لەسەر رووی ئەو ئەستێرەیە دەکەن، چونکە ئەم دیاردەیە نامۆیە بە زانیارییەکانی مرۆڤایەتی و تاکو ئێستا حاڵەتی هاوشێوە تۆمار نەکراوە.

سەرچاوە: سی ئێن ئێن 



Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure