باڵندەش 'ماتەم' دەگێڕێت

2017/11/25

نوسینی: مات وۆکەر، بی بی سی

وادەردەکەوێت هەندێک باڵندەش ماتەم بۆ مردووەکانیان دەگێڕن.

کاتێک باڵندەی جەی سکرەبی خۆرئاوایی باڵندەیەکی مردوو دەبینێت، دەکەونە بانگکردنی یەکتر و لە گەڕان بەدوای خۆراکدا دەوەستن. زاناکان بۆیان دەرکەوتووە کە پاش ئەو بانگکردنە، باڵندە جەیەکان زۆربەی جار هەموویان لە دەوری لاشەکە کۆدەبنەوە. پێدەچێت ئەو رەفتارە لەوەوە پەرەی سەندبێت تاوەکو باڵندەکانی دیکە لە هەبوونی مەترسییەک لە ناوچەکە، ئاگاداربکەنەوە، ئەمەش بە گوێرەی راپۆری تویژەران لە کالیفۆرنیا کە دۆزینەوەکانیان لە بڵاوکراوەی رەفتاری ئاژەڵاندا بڵاوکردۆتەوە.

ئەم بیرۆکەیە لە توێژینەوەیەکی تیرێسا ئیگلەیسیەس و هاوەڵەکانیەوە هاتووە کە لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە دەیڤس کردوویانە.
ئەوان چەندین تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە، بەوەی کە چەندین بابەتی جۆراوجۆریان لە باخچە و ناوچەی نیشتەجێبوون داناوە و تەماشای کارادانەوەی باڵندەی جەی سکرەبی خۆرئاوایان کردوە.

ئەو بابەتانە بریتی بوون لە پارچە تەختەی رەنگاورەنگ، باڵندەی جەی مردوو، هەروەها باڵندەی جەی وشککراوە و رازێنراوە، هەروەها کوندەپەپوی شاخداری مەزن، بۆ وروژاندنی هەستی هەبوونی باڵندەی جەی زیندوو لەگەڵ دوژمنەکانی.

کاردانەوەی هۆشداریدان
باڵندە جەیەکان بێباک بوون بەرامبەر بە بابەتە تەختەییەکان. بەڵام کاتێک کە باڵندەیەکی مردووی هاورەگەزی خۆیانیان بینی، دەستیانکرد بە جریوەی ئاگادارکردنەوە، بۆ ئاگادارکردنی باڵندەکانی دیکە کە دوریش بوون.
پاشان باڵندە جەیەکان لە دەوری لاشەکە کۆبوونەوە، وەک گردبوونەوەیەکی مەزن بە هەموو لایەکیدا. ئەو دەنگەی کە دەریانکرد کە ناسراوە بە "زییپس"، "سکۆڵدس" و زیپس سکۆڵدا" هانی باڵندە جەیەکانی دیکەی داوە کە بێن بەدیار مردووەکەوە.

لەهەمانکاتیشدا باڵندە جەیەکان لە گەڕان بەدوای خواردندا وەستان، ئەمەش گۆڕانێک بوو لە رەفتاریاندا کە زیاد لە رۆژێکی خایاند.
کاتێک کە باڵندەکان فێڵیان لێکرا و وایانلێکرا کە هەستبکەن کە دوژنمێکیان هاتووە، بەوەی کە کوندەپەپوە دەستکردەکەیان پیشاندرا، بەهەمان شێوە گردبوونەوە و چەند بانگەوازێکی ئاگادارییان جریواند. ئینجا بە خێرایی دانە دانە دابارایین بەسەر دوژمنەکەدا بەمەبەستی ترساندنی. بەڵام بەهیچ شێویەک دانەباریین بەسەر باڵندە مردووەکەدا.

جارجارێکیش باڵندەکان گەلەکۆمەکێیان لەو باڵندە جەیە وشککراوەیە کردوە، ئەمەش رەفتارێکه لە سروشتدا دەیکەن کاتێک کە هێرش دەکەنە سەر رکابەرێکی یاخود باڵندەیەکی نەخۆش.
راستیی ئەوەی کە جەیەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە بۆ بابەتە تەختەییەکان، دەریدەخات کە ئەوە تازەیی باڵندە مردووەکە نیە کەوایان لێبکات ئەو کاردانەوەیەیان هەبێت.

توێژەرەکان نوسیویانە کە دەرئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن "بەبێ بینینی ململانێ و شێوازی مردنەکە" باڵندە جەیەکان بینینی ئەو باڵندە مردووە وەک زانیارییەک تەماشادەکەن کە پێویستی بە بڵاوکردنەوە هەیە، بەهەمان شێوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری کاتێک کە دوژمنێکیان لە ناوچەکهدا بێت.

بە گوێرەی توێژەرەکان، بڵاوکردنەوەی پەیامی مەرگی باڵندەیەک لە ناوچەکە یارمەتییان دەدات لە پاراستنی باڵندەکانی دیکەدا، ئاگاداریان دەکەنەوە لە مەترسی، هەروەها مەترسی کوژرانیان لەلایەن ئەوەی کە بۆتە هۆکاری مردنی ئەو دانەیەیان، کەمتردەکاتەوە.

زانراوە کە ئاژەڵی دیکەش دەزانن ئەگەر یەکێکیان لێبمرێت. بۆ نمونە سەرنجی ئەوەدراوە کە زەڕافە و فیل لە دەوری لاشەی خزمێکی نزیکیان کۆدەبنەوە، ئەمەش ئەو ئەگەرە بەهێزتردەکات کە ئاژەڵانیش لە چەمکی عەقڵی مەرگ تێدەگەن، هەروەها رەنگە ماتەمینی بۆ ئەوانەش بگێڕن کە دەمرن.

سەرچاوە: بی بی سی




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure