دەستپەڕکردن: بۆ ژن و پیاو

2017/11/25

هەموومان لەگەڵ باڵقبوون و تەمەنی نەوجەوانیدا ئاشنادەبین بە دەستپەڕکردن بۆ تێرکردنی ئارەزوی سروشتی سێکسیمان. لەبەرنەبوونی هۆشیاری و پەروەردەی زانستی لەبارەی سێکس و بەهۆی عورف و عاداتی دواکەتووەوە، چەندین زانیاری هەڵە لەسەر کاریگەریە جەستەیی و دەرونیەکانی دەستپەڕکردن بڵاودەکرێتەوە. هەروەها، دەستپەڕکردن تەنها وەك چالاکیەکی پیاوان تەماشادەکرێت و دەستپەڕکردنی ژن وەك تابوو تەماشادەکرێت.


لەم بەشەدا لەرێگەی توێژینەوەی زانستی تیمێکی بەناوبانگی جیهانی، ماستەرس و جۆنسن، بەدرێژی زانیاری و وردەکاریەکانی ئەو چالاکیە باوە رووندەکەینەوە.
سەرەتا، لیستی هەموو ئەو زانیاریە هەڵانە ریزدەکەین کە بەشێوەی جیاجیا بیستومانن. ئەمانە تەنها قسەی بێبنەمان و هیچ بەڵگەیەکی زانستیان لە پشتەوە نیە.


چەوتباوەڕەییەکانی لەبارەی دەستەپەڕەوە:
دەستپەڕکردن دەبێتەهۆی کوێربوون.
دەستپەڕکردن دەبێتەهۆی موو لەبەری دەست هاتن.
دەستپەڕکردن دەبێتەهۆی بێتوانایی سێکسی لە تەمەنێکی گەورەتردا.
دەستپەڕکردن دەبێتەهۆی توشبوون بە نەخۆشی دەروونی.
دەستپەڕکردن بەشێوەیەکی هەمیشەیی ئارەزوی سێکسی و توانای سێکسی کەمدەکاتەوە.
دەستپەڕکردن چەندێتی و چۆنێتی تۆو کەمدەکاتەوە.


زانستکاران لەرێگەی توێژینەوەوە هەموو ئەم چەوتباوەڕیانەیان پوچەڵکردۆتەوە. ماستەرس و جۆنسن بوونە پێشەنگی ئەو توێژەرانەی بواری سێکسی مرۆڤ و توێژەرانی دیکەش دەریانخستوە کە دەستپەڕکردن هیچ کاریگەریەکی بۆ تەندروستی پزیشکی کورتخایەن و درێژخایەنی نیە. هەرچەندە دەستپەڕکردن هیچ کاریگەریەکی جەستەیی بۆ سەر تەندروستی نیە، بەڵام دەبێت ئاگاداری رەهەندە سۆزداریەکانی ببین. بۆ نمونە، ئەگەر دوو کەس لە پەیوندیەکی سێکسی درێژخایەندا بن و یەکێکیان لەجیاتی چێژوەرگرتن لەرێگەی جوتبوونەوە دەستبکات بە دەستپەڕکردن و جێگەی پەیوەندیە سێکسیەکەی نێواناین بگرێتەوە، ئەوا ئەمە کاریگەری لەسەر متمانەبەخۆبوونی کەسی بەرامبەر دەبێت.


لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی وتەکانی لویەن کۆڵ وێستن کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە و متمانەپێکراوەی بۆردە لە بواری چارەسەری سێکسیدا "یەکێک لە وانە گرنگەکان بۆ پەیوەندییە درێژخایەنەکان ئەوەیە کە پێویست ناکات هەردوو لا حەزیان بە کردنی دەقاودەق هەمان شت بێت لە هەمان کاتدا، ئەمە سێکسکردنیش دەگرێتەوە." ئەگەر ئەوانەی لە پەیوەندیدان توانایان هەبێت باسی ویست و ئارەزووەکانیان لەگەڵ یەکتر بکەن، ئەوکات دەکرێت دەستپەڕ ببێتە بەشێکی تەندروستی پەیوەندییەکە.


هەروەها وەك هەر چالایەکی دیکە، دەکرێت دەستپەڕکردن کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و کاری کەسەکە هەبێت، ئەگەر هاتوو کەسەکە خویگرت بە خۆتێرکردنەوە، ئەمەش ئەوکاتە دەبێت کە کەسەکە زۆربەی کاتەکانی تەرخانکرد بۆ دەستپەڕکردن و پشتیکردە چالاکییەکانی دیکەی ژیان. [بۆ نمونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ٣-٦٪ی هاوڵاتیان کێشەی خوگیریی سێکسیان هەیە، کە بەزۆری لە پیاواندا بەدی دەکرێت(سەرچاوە: نەخۆشخانەی مایۆکلینیک)]


دەستپەڕکردن وەك رێگەیەکی سەلامەتی چێژوەرگرتن
بۆ هەردوو رەگەز، ژن و پیاو، دەستپەڕکردن رێگەیەکی سەلامەتە لە رووی جەستەیی و دەرونییەوە بۆ چێژوەرگرتنی سێکسی و دەربڕینی لایەنی سێکسی کەسەکە، هەروەها، لەوانەیە یارمەتی کەسەکەش بدات لە بەهێزکردنی خودبڕوابوون، خودئاشنابوون، خودپەسەندیی.
تاکەکەس لەڕێگەی تەماشاکردن و دەستدان لەخۆیەوە دەتوانێت چێژ لەجەستەی خۆی ببینێت و بە لەشی خۆی ئاشناببێت.


لایەنە باشەکانی دەستەپەڕکردن
لەوانەیە یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و سێکسی کەسەکە.
لەوانەیە توانای خودئاشنابوون و لەخۆتێگەیشتن زیادبکات.
کەسەکە لە سکپڕبوون و گواستنەوەی نەخۆشی سێکسی دووردەخاتەوە.
کەسێك کە باشتر بەئاگابێت لە جەستەی خۆی، بەتواناتردەبێت کاتیک دەچێتە نێو پەیوەندییەکی سێکسیەوە لەگەڵ کەسی بەرامبەردا.


لایەنە خراپەکانی دەستپەڕکردن
لەوانەیە دەستپەڕکردنی زۆر و توند ببێتە هۆی سوتانەوە و  برینداربوونی پێست و گۆڕینی رەنگەکەی.
لەوانەیە دەستپەرکردن ببێتە مایەی خوگیری یاخود موعتادبوون.
دەستپەڕکردنی ئەو کاتە دەبێتە خوو یان موعتادبوون کە کەسەکە کاتی نامێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی دیکە (وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، خوێندن، کارکردن و پیشەکەی). ئەمە رەنگە ببێتە مایەی خەرجکردنی بەشێکی زۆری داهات لە بابەتی سێکسیدا وەک فیلمی رووت و بەسەربردنی کات لەسەر چاتی سێکسی... هتد.)


[1] http://my.webmd.com/content/article/1687.51266
[2]http://www.mayoclinic.com/findinformation/conditioncenters/invoke.cfm?objectid=583837E5-1F8F-4E1A-A1129ED4CA476106




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure