پشکنینی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە سرکە

2018/10/17

نەخۆشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان یەکێکە لە جۆرە باوەکانی شیرپەنجە و هۆکاری ژمارەیەکی زۆری مەرگی ئافرەتانیشە. هەرچەندە دۆزینەوەی خانەی شیرپەنجەیی لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەبێتە مایەی رزگاکردنی ئافرەتەکە لە مردن، بەڵام ئەم پشکنین و دۆزینەوەیە تێچوونی یەکجار زۆرە.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئافرەتان ساڵانە پشکنینێکیان بۆ دەکرێت کە بە "پاپ سمییەر" ناسراوە و بریتییە لە وەرگرتنی نمونەی خانەکانی رووپۆشی ملی منداڵدان و پشکنینی لە تاقیگەدا کە پێویستی بە تاقیگەی پێشکەوتوو و کارمەندی شارەزاو هەیە بۆ دۆزینەوە نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا و بەم جۆرەش بەرگرتن لە مەرگی نەخۆشەکە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا مردن بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان رادەیەکی بەرزی هەبوو، بەڵام ئێستا بە دەگمەن کەسێک بەو نەخۆشییە دەمرێت.

بەڵام لە وڵاتە هەژارەکاندا، کە تیایاندا ئامێری پێشکەوتوو و سیستەمی پێویست نین بۆ دۆزینەوەی ئەو نەخۆشییە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان بەو نەخۆشییە گیانلەدەستدەدەن.

لە وڵاتێکی وەک هیندستان کە رادەی هەژاری تیایدا بەرزە و سیستەمی تەندروستی پێڕاناگات ئەو رێگەچارە خۆپارێزییانە بگەیەنێتە هەمووان، پزیشک و زانایان رێگەیەکی دیکە بەکاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەو نەخۆشییە: سرکە.

بەکارهێنانی سرکە لەلایەن زانایانی زانکۆی جۆنز هۆپکینزەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چەند دامەزراوەیەکی ترەوە دۆزراوەتەوە کە لە رێگەی بەکارهێنانی سرکەی ئاساییەوە دەتوانرێت ئەو خانە شیرپەنجەییانە دەستنیشان بکرێن و بە تێچوونێکی نزیک لە خۆڕایی، و چارەسەرکردنی ئافرەتان و رزگارکردنیان لە مەرگ.

لە گوندی دێرڤان لە ویلایەتی ماهاراشترا لە هیندستان، پزیشکەکان بنکەیەکی تەندروستی زۆر سادەیان لە دوکانێکی چۆڵدا داناوە. پەردەیەکیان هەڵواسیوە تاوەکو نەخۆشکە لە پشت پەردەکەوە پشکنینی بۆ بکرێت.
خانمی پزیشک، ئارچانا سۆنکە، چیلکەیەکی سەرلۆکەیی (ئەوەی کە گوێچکەی پێپاکدەکرێتەوە) دەکات بە شلەیەکی بێڕەنگدا و سەرە لۆکەییکە دەخاتە سەر ملی منداڵدانی ئافرەتێک کە هاتووە بۆ پشکنین. پزیشکەکە دەڵێت "بۆ ماوەی چەند خولەکێک رادەوەستین، ئینجا تەماشا دەکەین بزانین هیچ ناوچەیەکی زەردهەڵگەڕاوە."

ئەگەر بێتو شلەکە ببێتە مایەی ئەوەی کە رووپۆشی ملی منداڵدان کە بە شێوەیەکی ئاسایی رەنگی پەمەییە، بگوڕێت بۆ سپی یان زەرد، ئەوە مانای ئەوەیە خانەی بەر-شێرپەنجەیی تێدایە (خانەی بەر-شێرپەنجەیی ئەو خانانە کە دەگۆڕین بۆ خانەی شێرپەنجەیی)
لە ماوەی یەک دوو خولەکدا پزیشکەکە هەواڵێکی خۆش دەدات بە نەخۆشەکەی "هیچت نیە"، نەخۆشەکەش زەردەخەنەیەکی دیار لەسەر رووخساری دەنەخشێت.

بەڵام ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکە خراپ بێت، ئەوا هەر دەستبەجێ ئەو شوێنە بە شلەی نایترۆجین دەپرژێنرێت. ئیتر چیتر پێویست بەسەردانکردنەوەی دیکە ناکات بۆ چارەسەر.

ئەم شلە روونەی خانمی پزیشک بەکاری دەهێنێت بریتییە لە ترشی ئەسێتیک، کە لە زۆربەی ماڵدا هەیە و ناسراوە بە سرکە.
ئەم تاقیکردنەوانە وەک بەرنامەیەکی پێشەنگی ئەزموونی ئەنجامدەدرێن و لەلایەن نەخۆشخانەی تاتا مێمۆریەڵی مۆمبای و واڵاوالکەری دێرڤانەوە ئەنجامدەدرێن، و خانمی پزیشک سوڤارنا پاتیل بەڕێوەبەری پزیشکی بەرنامەکەیە.

دکتۆر پاتیڵ دەڵێت کاتێ کە پشکنین بە سرکە یەکەم جار هاتە گوندەکان، خانمان کەیفیان پێینەدەهات، هەرچەندە خۆڕاییش بوو.
"کە دەچووینە بەر ماڵەکانیان، دەرگایان بە ڕووماندا دادەخست و دەیانوت "نامانەوێت، و لێرە مەمێنن"".

دکتۆر پاتیڵ دەڵێت ئەو پشکنینە زۆربەی ئافرەتەکانی قەلسدەکرد، هەروەها شەرمیاندەکرد لەوەی زێیان بپشکنرێت. بۆ نەخۆشییەکیش کە ئەوان بڕوایان وابوو چارەسەری نیە. بەڵام دوای ئەوەی ئەنجامی باشی ئەو پشکنینەیان بینیوە، ئێستا ئەو ئافەرەتانە زیاتر بە پەرۆشن بۆ ئەنجامدانی ئەو پشکنینە و رزگاربوونیان لە مەرگ.

ئێستا ئەم پشکنینە بە سرکە لە زۆر وڵاتی دیکەش گیراوەتە بەر.

سه‌رچاوه‌: بی بی سی



Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure