هەنگاوێکی گەورە بەرەو چارەسەرکردنی کوێریی

2018/12/13


زانستکارانی میرنشینە یەکگرتوەکان ئاشکرایانکرد کە هەنگاوی گەورە بەرەو ئەگەری چاکبوونەوەی کوێری نراوە.

توێژینەوەیەك کە لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدراوە و لە بڵاوکراوەی زانستی نەیچەر بایۆتەکنەلۆجیدا بڵاوبۆتەوە، دەریدەخات کە دەکرێت ئەو بەشەی چاو کە هەست بە روناکی دەکات لەرێگەی قەدە خانە (stem cell) چاکبکرێتەوە.

تیمێکی پسپۆڕان لە نەخۆشخانەی مورسفیڵدسی چاو و زانکۆی یو سی ئێڵ لە لەندەن رایانگەیاند کە ئەگەری ئەوە هاتۆتە ئاراوە ئەو چارەسەرە بۆ یەکەمجار لە مرۆڤدا تاقیبکرێتەوە.

پسپۆڕان ئەم هەنگاوە بە "دۆزینەوەیەکی ئێجگار گرنگ" و "هەنگاوێکی مەزن" لەقەڵەمدەدەن.

تیشکوەرگرەکان ئەو خانانەن لە تۆڕیی (الشبکیة) چاودا کە هەستیارن بەرامبەر تیشك و دەیگۆڕن بۆ هێمای کارەبایی کە دەتواندرێت بنێردرێت بۆ مێشک (دەماخ).

بەڵام هەندێكجار ئەم خانانە دەمرن و ئەمەش دەبێتەهۆی کوێربوون، وەك لە حاڵەتی نەخۆشی ستارگاردیتس و پوکانەوەی خاڵی زەردی (rmacula)ی چاو بەهۆی پیریەوە.

لەئێستادا تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ ئەنجامدراوە بۆ بەکارهێنانی قەدە خانە لەجیاتی خانە "پشتیوانەکانی"
چاو کە پارێزگاری لە خانە تیشکوەرگرەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.

مشکی کوێر

بەگوێرەی تیمە زانستییەکە، دەتواندرێت خانەی هەستەوەری رووناکییەکان بگۆڕدرێن و ئەمەش هیوای چاکبوونەوەی کوێریی زیاددەکات.

زانستکاران رێگەیەکی نوێیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی تۆڕی چاو لە تاقیگەدا. ئەم رێگەیە گیرایەبەر بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی هەزاران قەدە خانە کە دواتر ئامادەکران بۆ گۆڕینیان بۆ تیشکەخانە و دواتریش بەدەرزی خرانە ناوی چاوی مشکی کوێرەوە.

بەپێی توێژینەوەکە ئەم خانانە توانایان هەیە لەگەڵ پێکهاتەی چاودا یەکبگرن و دەستبکەن بە کارکردن.

بەڵام هێشتا رێژەی کاریگەریەکەی نزمە. تەنها نزیکەی هەزار خانە لە کۆی ئەو دوو سەد هەزار خانە گوازراوەیە توانییان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی چاوەکەدا یەکبگرن.

چاو یەکێکە لە بوارە هەرە پێشکەوتووەکان لە توێژینەوەی قەدە خانەییەکاندا.

ئەم بوارە تارادەیەك سادەیە لەبەرئەوەی پرۆسەی کارکردنەکەی بەمشێوەیەیە: خانە تیشکوەرگرەکان تەنها پێویستیان بە ئەوە هەیە پەیامە کارەباییەکەیان بگوێزنەوە بۆ یەک خانەی دیکە مەبەستی ئەوەی ئەو پەیامە بگاتە مێشک. ئەمەش زۆر ئاسانە، بەبەراورد لەگەڵ ئەو هەوڵانەی نراون بۆ چارەسەکردنی خەڵەفان (dementia) کە پێویستە قەدە خانەکان لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە خانەی ناو مێشکدا پەیوەندی ببەستن.
هەروەها سیستمی بەرگری چاو زۆر نزمە و ئەمەش ئەگەری رەتکردنەوەی خانە گواستراوەکە کەمدەکاتەوە.
بەمشێوەیە ژمارەیەكی کەم لە خانە دەتوانن گۆڕانکاریەکی گەورە دروستبکەن. دەیان هەزار خانە لەچاودا دەتوانن ئاستی بینین بەرزبکەنەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە خانە ناتوانن ئەندامێکی گەورەتری وەك جگەر چاکبکاتەوە.

سه‌رچاوه‌:
http://www.bbc.co.uk/news/health-23374623



Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure