کێشکردنە شەپۆل : ساتەوەختی سەرکەوتنێکی مەزن بۆ زانست

2017/11/25

 بێگومان پەیبردن بە کێشکردنە شەپۆل بۆ یەکەمجار بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ بە یەکێک لە دۆزینەوە ناوازە و گرنگەکانی سەردەمەکەمان هەژمار دەکرێت. تاقیگە پێشکەوتوەکانی 'LIGO' لە ویلایەتەکانی واشنتۆن و لویزیانا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا توانیان چاودێری دیاردەی لوولبوونی ڕەهەندی (شوێن) بکەن کە لەدەرەنجامی ئاوێتەبوونی دووکونی ڕەشەوە هاتۆتە بوون و دووریان نزیکەی ١.٣ ملیار تیشکە ساڵە لە زەویەوە.

ئەم دۆزینەوەیە بوە هۆی چەسپاندنی بیرۆکەکانی ئالبێرت ئەنیشتاین و دەروازەیەکی نوێی گەردوون-بینین مان بۆ دەکاتەوە. زانستی گەردوونناسی و بوارەکانی تری زانست ئێستا پێدەخەنە چەرخێکی تەواو نوێوە.

کەواتە کێشکردنە شەپۆل چیە؟
بەگوێرەی تیۆری ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین، گەر هەر تەنێک خێراییەکەی لە زیادبووندا بێت ئەوا شەپۆل لە تۆڕی شوێن و کاتدا دروست دەکات. هەرچەندە کاریگەری ئەمە زۆر لاواز دەبێت و تەنها تەنە زەبەلاحەکان لەژێر کاریگەری جوڵەو تاودانێکی مەزندا، بە شێوەیەک کە بەرچاو چاوەڕێی لوولبوونی شوێن-کاتی دەوروبەریان لێدەکرێت. نمونەی ئەم ڕوداوانە بریتین لە تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان، پێکدادانی ئەستێرە مردووەکان کە چڕیان لە ڕادەبەدەرە، وە یاخوود ئاوێتەبوونی کونە ڕەشەکان. هەموو ئەم ڕوداوانە بە خێرایی ڕووناکی وزەی کێشکردن پەخش دەکەن.

مەبەستت چیە کە دەڵێی "بێهێز"، رێژەی کاریگەریەکە چەندێک بچووکە؟
کاتێ کێشکردنە شەپۆل بە زەویدا تێپەڕ دەبێت، پێگەی شوێن و کاتی زەوی بە نۆرە دوچاری کشان و هاتنەوەیەك دەبێت. وێنەی جوتێک گۆرەوی بهێنە هزری خۆت، کاتێک بەبەردەوامی ئەم جووتە گۆرەویە ڕابکێشیت، ئەوا دوچاری کشان و تەسک بوونەوە دەبێت. نزیکەی زیاتر لە دەیەیەکە کە ئامێرە پێشکەوتوەکانی 'LIGO' عەوداڵی دۆزینەوەی ئەم کشان و تەسکبوونەوەیەن، هەر بەو هۆیەشەوە هەمیشە لە هەوڵی پەرەپێدانی هەستیاری ئامێرو کەلوپەلە زانستیەکانیاندا بوون. پێشبینی کردنەکە بریتیبوو لەوەی کە دەبوو تاقیکردنەوەکانیان پەی بە کۆمەڵە شێوانێک ببات لە پانتاییەک کە گەورەتر نەبوو لە پانی پرۆتۆنێک، ئەو گەردیلۆچکەیەی ناوکی هەموو گەردێك پێکدەهێنێت.

ئەمە توانستێکی سەرسامکەرە، ئایا چۆن ئەنجام دەدرێت؟
بیرۆکەکە بریتیە لە لەتکردنی تیشکێکی زۆر بەهێزی لەیزەر و ناردنی هەر بەشە بە دوو ڕێڕەوی جیادا کە بریتیە لە دوو تونێلی درێژی بەتاڵ کە لە شێوەی پیتی 'L' ڕێکخراون. دوو ڕێڕەوە تیشکەکە بەردەوام دەڕۆن و دەگەڕێنەوە لەرێگەی ئاوێنەوە، پێش ئەوەی دواجار بگەنەوە خاڵی دەستپێکیان. پاشان گورزە-ڕوناکیەکە دووبارە بنیاد دەنرتنەوەو دەنێردرێت بۆ ئامێری پەیبردن. گەر کێشکردنە شەپۆل بە تاقیگەکەدا تێپەڕبووبێت، ئەوا ڕێڕەوی تیشکەکان زۆر بە کەمی لادانی تێکەوتووە وە ئەمەش بەڕوونی لە شیکردنەوەکاندا دەردەکەوێت. ئەم شێوازی کارکردنەش پێی دەوترێت 'Laser Interferometry'.

چۆن دڵنیا بینن لە دروستی ئەم دۆزینەوەیە؟
یەکەم، داتا تۆمارکراوەکان سازانی تەواوەتیان هەیە لەگەڵ پێشبینیکردنە نموونەییەکان بۆ ئەم جۆرە لە ئاوێتەبوونی کونەڕەشەکان. دووەم، هەردوو تاقیگەکانی 'LIGO' دەتوانین بڵێین لەهەمان کاتدا شەپۆلەکانیان تێدا بینراوە. هەڵبەت دواکەوتنێکی بچووک هەبوو لە دۆزینەوەی نێوان دوو وێستگەکەدا، چونکە دووری مەودای وێستگەکان لەیەکەوە ٣،٠٠٠ کم-ە. ئەم دۆزینەوەیە دۆزینەوەی بۆزۆنی هیگز-مان وەبیر دێنێتەوە. بیرتە تەنها ئەو کاتە توانرە لافی دۆزینەوەی هیگز ڵیبرڕێت کە دوو تاقیگە جیاوازەکەی نێو پێکدادەری/تاودەرە زەبەلاحی هادرۆنەکان هەمان دەرەنجامیان لە داتاکانەوە دەستکەوت. لەکۆتاییدا هەردوو دامەزراوەکەی 'LIGO' بەهەماهانگی و پێکەوە لەگەڵ تاقیگەی سێیەم لە ئیتاڵیا کاردەکەن کە ناوی ڤیرگۆ-یە. هەرسێکیان پێکەوە تۆماری ڕووداوەکانی داهاتوو دەکەن بەڵام توێژەرەکان دەتوانن پێگەی جیاواز بەکار بێنن بەمەبەستی دیاریکردنی شوێنی سەرچاوەکە لە ئاسماندا.

بۆچی دەرەنجامەکانی ئەم دۆزینەوەیە هێندە گرنگن؟
لەم بابەتەدا، بۆ چەند ساتێک تەنها بیر لە کونە ڕەشەکە بکەرەوە. لە ڕاستیدا هەتا ئێستا زانیاریەکانمان سەبارەت بە بونی کوونەڕەشەکان زۆر ناڕاستەوخۆن. وەک لای هەموان ئاشکرایە کاریگەری کێشکردنی کونەڕەشەکان هێندە مەزنن تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێت لێیان دەرباز بێت، لە دەرەنجامی ئەمە کونەڕەشەکان بە هیچ جۆرێک تیشکدانەوەیان نیە، بۆیە بەداخەوە ئێمە ناتوانین بە تەلسکۆبەکانمان بیانبینین. بەڵام ئێمە، بەهۆی چەند سەرەداوێکەوە، دەزانین کە کونە ڕەشەکان بوونیان هەیە. بۆ وێنە، تیشکدانەوەی ئەو تەنانەی کە دەکەونە نێو کونە ڕەشەکانەوەو پەرت پەرت دەبن، یاخوود زیادبوونێکی زۆری خێراییان کاتێک نزیک کونێکی ڕەش دەبنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بە بوونی کوونە ڕەشەکان. کێشکردنە شەپۆل بریتیە لەو ئاماژانەی کە ڕاستەوخۆ لەم تەنانەوە دێن و زانیاری بەپێزیان پێە سەبارەت بە تەنەکان. گەر لەم گۆشەنیگایەوە بڕوانینە ئەم بابەتە، ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئێمە بۆ یەکەمجار توانیمان بەڕاستەوخۆیی تێبینی کونێکی ڕەش بکەین.

کەواتە ڕێگەیەکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کونە ڕەشەکان هاتە کایەوە؟
نەک بەتەنها کونە ڕەشەکان بەڵکو گەردوونی 'تاریک' بە گشتی. زۆربەی ئەو بابەتانەی کە بە تیۆری بوونیان هەیە بە هیچ جۆرێک ڕووناکی پەخش ناکەن وەک تیشکی گاما، تیشکی سەرو بنەوشەیی، شەپۆلی بینراوو ڕادیۆییو هەگەردیلۆچکەش دەرناهاویژن. هەروەها کێشکردنە شەپۆل، بەپێچەوانەی ڕووناکی یان گەردیلۆچکەوە ئەگەری شکانەوە یاخوود بەرلێگرتنیان نیە و بەئاسانی بەبێ هیچ گۆڕانێك بە هەموو بەربەستێکدا تێپەڕ دەبن. ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ زاناکان بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەو دیاردانەی کە لەمەوبەر لێکۆڵینەوە لێیان ئەستەم بووە.
بۆ نموونە ئێمە دەزانین کە ئەوە کارێکی مەحاڵە زانستکاران بتوانن بۆشایی گەردوون ببینن پێش ئەوەی تەمەنی بوبێت بە ٣٨٠،٠٠٠ ساڵ پاش پیاکێشانی مەزن (بیگ بانگ) چونکە گەردوون هێشتا زۆر گەرم بوو وە ڕێی بە بڵابوونەوەی تیشك نەداوە. بەڵام لە ڕووی تیۆریەوە دەبێت کێشکردنە شەپۆل لە باکگراوندا هەبێت کە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ چرکەساتەکانی یەکەمی کشانی گەردوون. گەر لە داهاتوودا وێستگەکانی ئاسمان بتوانن ئەو کێشکردنە شەپۆلەی پاشماوەی ئەو رووداوانە بدۆزنەوە، ئەوا لە هەموو کات زیاتر لەوە تێدەگەین ئایا چی روو دەدات کاتێك کات یەکسانە بە سفر. 

سەرچاوە: بی بی سی نیوز

جۆنەسن ئامۆس




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure