پزیشکان پارچەی 'زیندووی' لەش بەشێوەی سێ رەهەند چاپ دەکەن

2017/11/25

زانستکاران دەڵێن توانیویانە پارچەی زیندووی لەش لەرێگەی چاپی سێ رەهەندەوە دروستبکەن و ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ لە پزیشکی نوێبوونەوە تەماشا دەکرێت.
بەشە چاپکراوەکان بریتیبوون لە ئێسك و ماسولکە و کڕکڕاگە و کاتێك لە لەشی ئاژەڵان موتوربە کراون بەشێوەیەکی ئاسایی کاریان کردووە.
ئەم دۆزینەوە گرنگە لە بڵاوکراوەی زانستی نەیچەر بایۆتەکنەلۆجی بڵاوکراوەتەوە و هیوای ئەوەی لێدەکرێت ئەم پارچە چاپکراوانە بۆ چاکردنەوەی لەشی مرۆڤ بەکاربێن.

هەندێك لە شارەزایان دۆزینەوەکە "وەك دۆزینەوەی کانێکی ئاڵتون" وەسف دەکەن.
هیوایەکی گەورە هەیە بەو بیرۆکەیەی بتوانیت تاکە خانەیەکی مرۆڤ بەشێوەیەك رێکبخەیت بۆ جێگرتنەوەی چەناگەی تێكچوو، گوێی بڕدراو یان ماسولکەی برینداربووی دڵ.

بەڵام پێشتر کێشەی گەورەی ئەم بوارە هێشتنەوەی خانەکان بوو بە زیندوویی لەبەرئەوەی کاتێك شانەکان لە ٠.٢ میلیمەتر ئەستورتر دەبوون بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و خۆراکەوە دەپوکانەوە و دەمردن.

ئەم دۆزینەوەیە لە ناوەندێكی پزیشکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا لەرێگەی داهێنانی تەکنیکێکی نوێوە بۆ چاپکردنی سێ رەهەندی شانە بەشێوەیەك کە وردە کەناڵی تیادابێت هاوشێوەی ئیسفنج بۆ هەڵمژینی خۆراك.
ئەم سیستمە نوێیە پێی دەوترێت "ئیتۆپ" Itop کە کورتکراوەی (شانەی تێکهەڵكێش و سیستمی چاپی ئەندام)ە و لەرێگەی کۆکردنەوەی ماددەی پلاستیکی کە توانای توانەوەی هەیە لە لەشدا و کۆڵەکەی ئەندامەکە پێكدەهێنێت لەگەڵ جەلیەکی تواوە لە ئاودا کە خانەکانی تێدایە و بوار بە گەشەسەندن دەدات.
کاتێك کە پێکهاتەکە لەناو لەشی ئاژەڵاندا موتوربە کراون، ماددە پلاستیکیەکە تواوەتەوە و بە تۆڕێك لە پرۆتینی سروشتی جێیگیراوەتەوە کە لەلایەن خانەکانەوە بەرهەمهێندراون.

لەهەمانکاتدا، بۆری خوێن و دەمار گەشەیان کردووە بۆ پێکهاتە موتوربەکراوەکە.
مامۆستای زانکۆ ئەنتۆنی ئەتالە کە توێژەری سەرەکی پرۆژەکەیە وتی ئێستا دەشێت ئەم شانانە بۆ مرۆڤ بەکاربهێندرێن.
هەرچەندە ئەم پێکهاتانە هەمان توانای شانەی مرۆڤیان هەیە، توێژەران چاوەڕێی ئەوەن بزانن بۆ ماوەی چەند بەرگە دەگرێت و دەمێنێتەوە.

بەڵام ئەتالە دەڵێت چاپی سێ رەهەند چەندین دەرگای نوێ بۆ زانستی پزیشکی دەکاتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی هەواڵی بی بی سی وتی "بابڵێین نەخۆشێك ئێسکی چەناگەی بریندار دەبێت و بەشێكی ئێسکەکەی لەدەستدەدات. نەخۆشەکە دێنین و وێنەی تیشكی دەگرین و ئەو زانیاریانەی دەستمانکەوتووە داغڵی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری دەکەین بۆ ئەوەی ئامێری چاپەکە ئەو بەشەی ئێسکەکە چاپ بکات و بخرێتە جێگەی ئێسکە لەدەستدراوەکە."

پێشتر ئەم شێوازە کە لەرێگەیەوە قەپاغێك کە توانای توانەوەی هەبێت لە لەشدا دروستبکرێت و پاشان بخرێتە ناو خانەوە لەسەر نەخۆش بەکارهێنراوە.
لەهەمان ناوەندی پزیشکی پێش دوو ساڵ توانراوە قوزی دروستکراو لە تاقیگەدا بۆ ژنان بەرهەمبهێندرێت، بەڵام ماوەی مانەوەی خانەکان جۆری چارەسەرەکەی سنوردارکردووە.
هەروەها ئەتالە ئەوەی زیادکرد "لەم توێژینەوەیەدا ئێمە شانەکانمان بە توانای جیاواز چاپ کرد، هەر لە ماسولکەوە وەك شانەی نەرم بۆ کڕکڕاگە و ئێسك وەك نمونەی شانەی رەق بۆ ئەوەی جیاوازی توانای شانەکان پیشان بدەین."

"هیوای ئەوەمان هەیە کە لەرێگەی ئەم تەکنەلۆجیایەوە بتوانین کار لەسەر شانەکانی دیکەی لەش بکەین."
بەهیوای ئەوەی بتوانن راستەوخۆ لەسەر نەخۆشەکان چاپیان بکەن.

سەرچاوە: بی بی سی نیوز




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure