کێشکردنە شەپۆل سەلمێنرا

2017/11/25

زانستکاران دۆزینەوەیەكی سەرنجڕاكێش رادەگەیەنن لە هەوڵەکانیاندا بۆ تێگەیشتن لە هێزی کێشکردن.

زانستکاران دەڵێن بۆ یەکەمجار توانیویانە پەی بە لوولبوونی کات-شوێن بەرن کە بەهۆی پێکداکێشانی دوو کونی رەشەوە روویداوە کە زیاتر لە یەک ملیار تیشکەساڵ لە زەویەوە دوورن. پێکداکێشانی ئەم دوو کونە رەشە بۆتەهۆی دروستکردنی کێشکردنە شەپۆل کە سەدەیەك لەمەوبەر لەلایەن ئەلبێرت ئەنیشتاینەوە پێشبینیکرابوو.
ئەو تیمە گەردونناسە نێودەوڵەتیەی کە دیاردەکەی تۆمارکردووە رایگەیاندووە کە دۆزینەوەی ئەم کێشکردنە شەپۆلانە دەبێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێ لە گەردوونناسی.

ئەم دۆزینەوەیە دەرەنجامی چەندین دەیەیە لە گەڕان و ئەگەری ئەوەی هەیە پەنجەرەیەكی نوێ بێت لەبارەی تەقینەوەی مەزن (big bang). دۆزینەوەکە رۆژی ١١ی شوبات لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن دی سی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکان راگەیەندرا. توێژینەوەکە لەلایەن هەماهەنگی زانستی لیگۆوە ئەنجامدراوە لەلایەن بڵاوکراوەی زانستی فیزیکەڵ ریڤیو لێتەرزەوە پەسەند کراوە بۆ بڵاوکردنەوە. هەماهەنگیە زانستیەکە لە چەند تاقیگەیەکی جیهاندا ئەنجامدەدرێت لەرێگەی هاویشتنی لەیزەرەوە بەناو تونێلی درێژدا و هەوڵدان بۆ هەستکردن و دۆزینەوەی شەپۆلی کات و شوێن.

نیشانە پێشبینیکراوەکان ئێجگار نزمن و بە ئاستێکی ئێجگار کەم، تەنها بەشێکی کەم لە پانی گەردیلۆچکەیەک، کاریگەریان لەسەر ئامێرەکان دەبێت و هەستی پێدەکرێت. دۆزینەوەی پێاکێشانی ئەم دوو کونە رەشە لە دوو تاقیگەی جیاواز لە ئەمەریکادا پەی پێبراوە.
دەیڤد رەیتزی بەڕێوەبەری پرۆژەی لیگۆ لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند "کێشکردنە شەپۆلمان دۆزیوەتەوە. ئەمەش یەکەمجارە گەردوون لەرێگەی کێشکردنە شەپۆلەوە قسەمان لەگەڵدا بکات. تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە کەڕ بووین."

هاوشێوەی تیشك، هێزی کێشکردن لەرێگەی شەپۆلەوە گەشت دەکات، بەڵام لە جیاتی بڵاوبوونەوە بۆشاییەکە خۆی دەلەرێتەوە. پەیبردن بە کێشکردنە شەپۆل پێویستی بە تیشکێکی لەیزەری ٤ کلیۆمەتری هەیە کە توانای هەستکردنی بە تەنێکی ١٠،٠٠٠ جار بچوکتر لە پرۆتۆنێك هەبێت.

ئەم دۆزینەوەیە نەك تەنها دەبێتەهۆی بواردان بە پشکنینی کونە رەشەکان و تەنە سەیرەکانی وەك ئەستێرەی نیوترۆنی (ئەو خۆرە زەبەلاحانەن کە چوونەتەوە یەك و هێندەی شارێکیان ماوەتەوە)، بەڵکو رێگە بە زانستکاران دەدات بتوانن قوڵتر لە گەردوون بکۆڵنەوە و بە کاتدا بەرەو دواوە بڕۆن بۆ تێگەیشتن لە گەردوون. لەوانەشە رۆژێك لە رۆژان بتواندرێت هەست بە چرکەی تەقینەوەی مەزن بکرێت.

بێرنارد شوتز، مامۆستای زانکۆی کاردیف دەڵێت "کێشکردنە شەپۆلی بەهەموو شتێکدا تێدەپەڕێت. بە دەگمەنیش لەلایەن ئەو شتانەی پیایدا تێدەپەڕێت کاری تێدەکرێت و ئەمەش مانای وایە کە پەیامبەرێکی زۆر راستگۆیە."

هەروەها وتیشێ "ئەو زانیاریانەی لەرێگەی شەپۆلی هێزی کێشکردنەوە هەڵدەگیرێت کتومت هەمان ئەو زانیاریانەیە کە لەسەرچاوەکەوە دەرچووە، ئەمەش لە گەردوونناسیدا دیاردەیەکی دەگمەنە. ناتوانین تیشك لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی کاکێشانەکەمانەوە ببینین چونکە تەپوتۆز لەرێگەیاندایە و هەروەها بەشە بەراییەکانی پیاکێشانی مەزن نابینین چونکە گەردوون لەدوای ماوەیەك لێڵ بووە."
هەروەها وتیشی "لەرێگەی شەپۆلی هێزی کێشکردنەوە پێشبینی ئەوە دەکەین دواجار تەقینەوەی مەزن ببینین." ئەمە جگە لەوەی لێکۆڵینەوە لە کێشکردنە شەپۆل لەوانەیە لە ئایندەدا یارمەتی زانستکاران بدات لە گەڕانیاندا بەدوای چارەسەرکردنی هەندێك لە گەورەترین پرسیارەکانی فیزیا وەك یەکگرتنەوەی هێزەکان واتە یەکگرتنەوەی بیردۆزی کوانتەم و هێزی کێشکردن.

لەئێستادا، بیردۆزی رێژەیی گشتی گەردوون لەسەر ئاستێکی ئێجگار گەورە زۆر بە باشی رووندەکاتەوە، بەڵام کە دێتەسەر مەسەلەی کارلێکە بچوکەکان پێویستمان بە بیرۆکەکانی کوانتەمە. ئەگەر بێت و بتواندرێت لەهەندێك ناوچەی گەردوون بکۆڵینەوە کە تیایاندا هێزی کێشکردن زۆر زۆرە وەك کوونە رەشەکان، ئەوا رێگەیەکی نوێمان بۆ دەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم مەسەلانە.

ئەنیشتاین پێشبینی ئەوەی کردبوو ئەگەر لە ناوچەیەکدا هێزی کێشکردن بەشێوەیەکی کتوپڕ گۆڕانی بەسەردا هات، بۆ نمونە لەرێگەی تەقینەوەی ئەستێرەیەکەوە، ئەوا شەپۆلی وزەی کێشکردن بە گەردووندا بڵاودەبێتەوە بەخێرایی تیشك و ئەمەش دەبێتەهۆی کشان و هێنانەوەیەکی بۆشایی لەکاتی گەشتەکەدا.
هەرچەندە ئەمە کاریگەریەکی ئێجگار بچووکە بەڵام تەکنەلۆجیای مۆدێرن ئێستا توانای ئەم تەحەدیەی هەیە.

لەرینەوە لە پێکهاتەی کات-شوێندا
کێشکردنە شەپۆل لەلایەن بیردۆزی رێژەیی گشتیەوە پێشبییکراوبوو
هەرچەندە بوونی ئەم شەپۆلانە لەلایەن زانستەوە ئاماژەی بۆ کرابوو بەڵام ئەمە یەکمجارە راستەوخۆ بدۆزرێتەوە
ئەم شەپۆلانە لەرینەوەن لە پێکهاتەی کات و شوێندا کە لەئەنجامی رووداوی توندوتیژدا بەرهەمدێت
تەنی بەردەوام خێرابوو شەپۆلێك بەرهەمدێنیت کە بەخێرایی تیشک بڵاودەبێتەوە
ئەو سەرچاوانەی دەبنەهۆی بەرهەمهێنانی شەپۆلی پەیپێبرا کونی رەش و ئەستێرەی نیوترۆنی دەگرێتەوە
دۆزینەوەی ئەم شەپۆلانە گەردوون بەروی قۆناغێکی نوێ لە پشکنیندا دەکەنەوە.

سەرچاوەکان: بی بی سی نیوز

رۆیتەرز





Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure