بۆچی بە دەنگە هەرەناخۆشەکان قەڵس دەبین؟

2017/11/25

هەڵکشانی چالاکی لە نێوان بەشی سۆزداری و دەنگداری لە ناو دەماغدا دەریدەخات بۆچی دەنگی جیڕەی تەباشیر لەسەر تەختەڕەش و هێنانی چەقۆیەک بە بوتڵێکی شوشەدا هێندە ناخۆشن.
زانایانی زانکۆی نیوکاسڵ ئاشکرایانکرد کە کاروکاردانەوەی نێوان ئەو بەشانەی دەماغ کە دەنگ لێکدەدەنەوە: بەشی دەنگی توێکڵی مێشك و ئەمیگداڵا کە چالاکە لە لێکدانەوەی هەستی خراپدا کاتێک کە دەنگێکی ناخۆش دەبیستیین. 
وێنەگرتنی دەماخ دەریخستوە کاتێک دەنگێکی ناخۆش دەبیستیین، بەشی ئەمیگداڵا کاردانەوەی دەنگبەرزیی لە بەشی دەنگی توێکڵی مێشكدا رێکدەخات و کاردانەوەیەکی ناخۆشمان تێدا دروستدەکات.
توێژەران لە بەشی وێنەگرتنی دەماریی لە زانکۆی کۆلیجی لەندەن و زانکۆی نیوکاسڵ ئامێری (fMRI)یان بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی کاردانەوەی دەماغی ١٣ خۆبەخش بەرامبەر بە چەند دەنگێک. لە کاتێکدا کە خۆبەخشەکان گویبیستی دەنگەکان بوون لەناو ئامێرەکەدا، دەنگەکانیان ریزبەندکردوە بە گوێرەی ناخۆشترینیان: دەنگی چەقۆیەک کە بهێنرێت بە بوتڵێکدا. بۆ خۆشترینیان: دەنگی بڵقی ئاو. پاشان توێژەران توانییان توێژینەوە بکەن لە کاردانەوەی دەماغدا بۆ هەر یەک لەو دەنگانە.
توێژەران بۆیان دەرکەوت کە چالاکی بەشی ئەمیگداڵا و توێکڵی مێشكی دەنگیی بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە گۆڕاندابووە بە گوێرەی ئەو ریزبەندی ناخۆشی دەنگانەی کە خۆبەخشەکان دیاریانکردوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوت کە هەر دەنگێک لەرەلەرەکەی لە نێوان ٢٠٠٠ بۆ ٥٠٠٠ هێرتزدا بێت، ئەوا بە دەنگێکی ناساز (ناخۆش) دادەنرێت. دکتۆر سوخبەندەر کومار، نوسەری توێژینەوەکە لە زانکۆی نیوکاسڵ، روونیدەکاتەوە کە "ئەم رادەیە بریتییە لەو رادەیەی لەرەلەر کە گوێچکەکانمان تیایدا لە ئەوپەڕی هەستیاریدان. هەرچەندە هێشتا قسە زۆرە لەسەر ئەوەی کە بۆچی گوێیەکانمان لەم ئاستەدا زۆرتر هەستیارن، بەڵام ئەم رادەیە دەنگی ئەو قیژانەش دەگرێتەوە کە هەموو بەشێوەیەکی سروشتی بەلامانەوە ناساز و ناخۆشن."

دەنگە هەرە ناخۆشەکان:
لە کاتی ریزبەندیکردنی ٧٤ دەنگدا، کەسەکان ئەم دەنگانەیان بەلاوە هەرەناخۆشترە:
١-چەقۆ هێنان بە بوتڵدا.
٢- چەتاڵ هێنان بە شوشەدا.
٣- تەباشیر هێنان بە تەختەڕەشدا.
٤- راستە هێنان بە بوتڵدا.
٥- نینۆک خشاندن بە بوتڵدا.
٦- قیژەی مێینە.
٧- کۆستەرە (ئامێری سافکردنی کانزاکان، لە ئاسنگەریدا بەکاردەهێنرێت)
٨- ئیستۆپی پاسکیل کە زیکەی دێت.
٩- گریانی منداڵی ساوا.
١٠- درێلی کارەبایی (ئامێری کونکردنی کانزا و تەختە)
ئەو دەنگانەی کە کەمتر ناساز و ناخۆشن
١- چەپڵەلێدان.
٢- پێکەنینی منداڵی ساوا.
٣-هەورە گرمە.
٤- خوڕەی ئاو.

سەرجاوە:
http://www.ncl.ac.uk/…/nasty-noises-why-do-we-recoil-at-unp…
فۆتۆ:
http://www.engineering.leeds.ac.uk/…/rst/GuestLecture2010.s…



Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure