ڕژێنی (پیتویتەری) چییە؟

2017/11/25

ڕژێنەکان بریتین لەو ئەندامانەی ناو لەش، کە هەڵدەستن بە دروستکردنی ماددەیەک یان زیاتر (بۆ نمونە: هۆرمۆنەکان، شیری مەمک، عارەقی لەش). پاشان ئەم ماددەیە دەڕژنە ناو خوێنەوە (وەک کوێرە ڕژێنەکان) لە وێشەوە بۆ شوێنی کارکردنی هۆڕمۆنەکە ، یاخود دەیڕژنە ناو بۆریچکەی تایبەت بە ڕژێنەکەوە ( وەک دەرەڕژێنەکان). 
کوێرە ڕژێنی (پیتویتەری)، کە پێشی دەوترێت ڕژێنی (هایپۆفیسس)، زۆر جار وەک "ڕژێنی سەرەکی" ئاماژەی بۆ دەکرێت ، چونکە کۆنتڕۆڵی زۆرێک لە چالاکییەکانی ڕژێنەکانیتر دەکات. قەبارەی ئەم ڕژێنە تەنها هێندەی قەبارەی دەنکە نۆکێک دەبێت و کێشی تەنها (٠،٥) گرامە و دەکەوێتە بەشی بنەوەی مێشکەوە. لە سەروو ئەم ڕژێنەوە ڕژێنی (ژێر سالامۆس) هەیە، کە ئیشوکاری ڕژێنی (پیتویتەری) لە ڕێگەی پەیامی هۆڕمۆنی و کارەباییەوە ڕێک دەخات. 

لە وەڵامی پەیامە هۆڕمۆنییەکاندا، بەشی پێشەوەی ڕژێنی (پیتویتەری) ئەم هۆڕمۆنانە دەردەدات:
١-هۆڕمۆنی گەشە: دەبێتە هۆی گەشەی ئێسک و ماسولکە (کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی باڵای مرۆڤ-هەتا تەمەنێکی دیاریکراو-).
٢-هۆڕمۆنی هاندەری پەریزادە: هانی ڕژێنی پەریزادە دەدات بۆ ڕشتنی هۆڕمۆنی (ت٣) و (ت٤) کە هانی ڕمانەکردارەکان دەدەن لە خانەکانی تری لەش دا.
٤-هۆڕمۆنی هاندەری هێلکۆکە: هانی دروستکردنی هێلکۆکە دەدات لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا هانی دروستکردنی تۆو دەدات. 
٥-هۆڕمۆنی دروستکەری زەردەتەن: هانی هێلکەدانەکان دەدات بۆ دروستکردنی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا هانی دروستکردنی تۆو دەدات.
٦-هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین: لە مێیینەدا هانی خانەکانی مەمک دەدات بۆ بەرهەمهێنانی شیر، بەڵام ئیشی ئەم هۆڕمۆنە لە نێرینەدا نەزانراوە.
٧-هۆڕمۆنی هاندەری سەرگورچیلەڕژێن: هانی ڕژێنی سەرگورچیلەکان دەدات کە هەندێک هۆڕمۆنی (ستیرۆید)ی دەربدەن کە گرنگییەکی زۆریان هایە بۆ ژیانی مرۆڤ.

بەڵام لە وەڵامی پەیامە کارەباییەکاندا، بەشی دواوەی ڕژێنی (پیتویتەری) ئەم هۆڕمۆنانە دەردەدات:
١-هۆڕمۆنی دژەمیز: هانی گورچیلەکان دەدات کە ماددە شلەکان هەڵبمژێتەوەو میزێکی کەمتر دروست بکات.
٢-هۆڕمۆنی (ئۆکسیتۆسین): هانی دەستپێکردنی کرداری منداڵبوون و کرژبوونی منداڵدان و دەرپەڕینی شیر دەدات لە ژنان دا.

دانا عەزیز مەولود
کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکیی ئەمەریکا




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure