پەرەسەندنی مرۆڤ

2017/11/25

ئێمەی مرۆڤ هێندە سەرکەوتووبووین لە بڵاوبوونەوە بەجیهان و گۆڕینی ژینگەی چواردەورماندا بۆ ئەوەی بۆسودی خۆمان بەکاری بهێنین، هەندێكجار بە ئاسانی ئەوەمان لەیاد دەچێتەوە کە ئێمەش ئاژەڵین. بەڵام ئایا ئێمە چۆن لە باوانمان جیابووینەوە و لەکوێ یەکەم مرۆڤەکان پەرەیانسەند؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەم زانیاریانەی خوارەوە بخوێنەرەوە کە لە وێبسایتی فەرمی مۆزەخانەی جیهانی سروشتی بەریتیانیەوە ئامادەکراوە. بەرایی سەرەتاکانی مرۆڤی مۆدێرن پێشتر لەیەککاتدا چەند جۆرێك لە مرۆڤ لەسەر زەوی ژیاون (هەمان گروپی هۆمۆ). تۆماری پەرەسەندنی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بۆ ئەو خاڵەی کاتێك لقی ئێمە لە شیمپانزیەکان (نزیکترین خزمی زیندوومان) جیادەبێتەوە. هەرچەندە هۆمۆ سەیپیەنەکان (مرۆڤی مۆدێرن) تاکە جۆری زیندووی مرۆڤە، ئێمە بەشێکین لە درەختێکی خێزانیی گەورەی مرۆڤ.

تائێتسا زیاتر لە ٢٠ بەڵگەی ئێسکی بەبەردبووی جۆری جیاوازی خزمانی مرۆڤی دێرینی دۆزراوەتەوە.

مرۆڤی مۆدێرن ژمارەیەك لە سیفاتی جەستەیی تایبەت بەخۆی هەیە:

- گەورەیی قەبارەی مۆخی مێشك

- ئێسکێکی لەشی تاڕادەیەك سوك تاوەکو بتوانێت لەسەر دوو پێ بڕوات

- ئێسکێکی سەر کە خاوەنی بنێکی کورت و قەپاغێکی بەرزە. کاتێك کە لە پشتەوە تەماشای کەللەسەر دەکرێت، لەبەشی خوارەوە باریکە و لەسەرەوە پانتر دەبێت

- نەبوون یان هەبوونی بەرزبونەوەیەکی بچوکی ناوچەوان (هێڵێ برۆکان)

- هەبوونی چەناگە لە بەشی خوارەوەی شەویلگەی خوارەوەدا.

 

خزمە نزیکەکانمان کێ بوون؟

لەبەر هەبوونی بەڵگەی ئێسکی بەبەردبوو، ئێمە تەنها سەبارەت بە هەندێك لە خزمە بەراییەکانمان زانیاریمان هەیە. هەروەها، لەگەڵ دۆزینەوەی ئێسکی نوێ و پێشکەوتنی تەکنیکی نوێی زانستیدا زانیاریەکانمان روو لەزیادبوونن. بەپێی ئەم بەڵگە بەبەردووانە، مرۆڤی مۆدێرن بەشێکە لە خێزانێکی گەورەی مرۆڤەکان. ئەمانەش هەندێکن لە خزمە بەراییەکانمان:

ئەسترالۆپیسێکەس ئافارینسیس (Australopithecus afarensis)

لەنێوان ٣.٨ و ٣.٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە خۆرهەڵاتی ئەفەریقا ژیاون. ئەسترالۆپیسێکەس یەکێکە لە بەناوبانگرتین جۆری هۆمۆنۆیدی بەرایی دۆزراوە. سوپاس بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێسکە بەبەردبووە نزیک-کامڵەی کە ناسراوە بو لوسی. لوسی یەکێکە لە کۆنترین خزمە بەراییەکانی مرۆڤ کە شارەزاکان لەسەر ئەوە رێکن کە بەشێوەیەکی رێك لەسەر دوو قاچ بەرێدا رۆشتووە. هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە کە هەندێك جۆری کۆنتریش (٤.٣-٤.٥ ملیۆن ساڵ) بەهەمان شێوە لەسەر دوو قاچ بەرێدا رۆشتوون. قەبارەی مۆخی مێشکی ئەسترالۆپیسێکەس لە مرۆڤی مۆدێرن بچوکتربووە و تائێستا هیچ بەڵگەیەك لە ئارادا نیە کە ئامێریان بەکارهێنابێت.

جیاوازیەکی گەورەی جەستەیی لە رەگەزەکانی ئەم جۆرەدا هەبووە (واتە لەشی نێرەکان لە مێیەکان گەورەتربوون) و لە رووی خۆراك و گەشەکردنەوە نزیکتربوون لە خێزانی مەیمونەکانەوە.

هۆمۆ ئیرێکتەس Homo erectus

بەراییترین نمونەیان پێش ١.٨ ملیۆن ساڵ لە ئەفریقا و خۆرئاوای ئاسیا ژیاون و ئەگەری ئەوە هەیە کە تاوەکو ٢٠٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە ئەندەنوسیا لەژیاندا مابووبن. هۆمۆ ئیرێکتەس کۆنترین جۆری زانراوە کە لەشیان هاوشێوەی مرۆڤ بووبێت، بەڵام قاچەکانیان کەمێك درێژتربووە و قۆڵەکانیشیان کورتتربووە لەچاو قەبارەی سنگیاندا. هۆمۆ ئیرێکتەس یەکەم جۆری زانراوی مرۆڤ بووە کە بەرەو دەرەوەی ئەفەریقا رۆشتبێت و بڵاوبوبێتەوە. هۆمۆ ئیرێکتەس توانای دروستکردنی ئامێری هەبووە و خۆراکەکەی فرەچەشن بووە (گۆشت و سەوزە) و لەوانەشە یەکەم بووبن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگردا. زاناکان ناکۆکن لەسەر چۆنێتی پەیوەندی نێوان هۆمۆ ئیرێکتەس و هۆمۆسەیپیەن (مرۆڤی مۆدێرن)، بەڵام زۆربەیان لەسەر ئەوە رێکن کە هۆمۆ ئیرێکتەس باوانی مرۆڤی مۆدیرن بووە.

هۆمۆ نیاندێرساڵێنیسس (نینادرێرساڵەکان) Homo neanderthalensis، Neanderthals

لەنێوان ٢٠٠،٠٠٠ بۆ نزیکەی ٣٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە خۆرئاوای ئەروپئاسیا (Europasia) ژیاون. هۆمۆ نیاندێرساڵێنیسس، لەگەڵ خەڵکێکی دیکەی ئاسیادا کە ناسراون بە دێنیسۆڤانس، نزیکترین خزممانن کە ئیستا بنبڕبوون. بە ئاشکرا وا دەردەکەوێت کە ئەمان لەگەڵ مرۆڤی مۆدێرندا جوتبووبن لەنێوان ٥٠-٣٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەردا و ئەگەری ئەوە هەیە کە ململناێی ئابوری هۆکارێك بووبێت بۆ لەناوچوونیان.

یەکەم ئێسکی بەبەردبووی هۆمۆنیاندێرساڵێنیسس لە ساڵی ١٨٥٦دا لە ئەڵمانیا دۆزرایەوە. ئێسکە بەبەردبووەکان و بەڵگەی ئارکیۆلۆجی پێشنیازی ئەوە دەکەن کە نیاندێرساڵەکان و ئێمە خاوەنی چەندین سیفاتی جەستەیی و هەڵسوکەوتی هاوبەش بین. بۆ نمونە، قەبارەی مۆخی مێشکیان هەمان قەبارەی مێشکی مرۆڤی مۆدێرنە و هەروەها بەڵگەی ئەوەش لەئارادایە کە ئەوانیش مردووەکانیان ناشتبێت و کەلوپەلی جوانکاری سادەی وەك ملوانکەی مورویان بەکارهێنابێت. بەڵام، ئێسکی لەشیان لە ئیسکی لەشی ئێمە کورتتر و قورستربووە و بەشی ناوەڕاستی دەموچاویان دەرپەڕیوتر بووە و خاوەنی لوتێکی زۆر گەورە و دوو هێڵێ ناوچەوانی ئەستور بوون.

 

سەرچاوە: مۆزەخانەی جیهانی سروشتی، لەندەن، بەریتانیا.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure