بیردۆزی پەرەسەندن

2019/09/17

بەگشتی ئەوە پەسەندکراوە کە ئەم فرەچەشنیە سەرسوڕهێنەرەی ژیان لەسەر زەوی ئەنجامی پرۆسەیەکە پێی دەوترێت پەرەسەندن و هەر ئەم پرۆسەیەشە کە پاڵ بە زیندەروەرەکانەوە دەنێت وردە وردە گۆڕانیان بەسەردا بێت. لەکاتێکدا چەمکی بنەڕەتی پەرەسەندنی زیندەوەرەکان هێندە قورس نیە، تێگەیشتن لەوەی کە پەرەسەندن چۆن کار دەکات و چۆنێتی گەشەکردنی بیردۆزی پەرسەندن مەسەلەیەکی ئاڵۆزە.

بیردۆزی پەرەسەندن:
بیردۆزی پەرەسەندن لەرێگەی هەڵبژاردنی سروشتیەوە لەلایەن دوو کەسەوە لەهەمانکاتدا پیشنیازکرا: چاڕڵس داروین و ئەلفرێد واڵاس. ئەم دوو پیاوە هەردوکیان بۆ ماوەیەکی زۆر توێژینەوەیان لەسەر جیهانی سروشتی ئەنجامدابوو و چەند سەرنجێکیشیان تۆمارکردبوو کە زۆر گرنگ بوون بۆ دروستبوونی بیردۆزەکە.
واڵاس و داروین تێبینی ئەوەیانکرد کە زیندەوەران زۆر لەوە زیاتر وەچە دەخەنەوە کە بتوانن لەژیاندا بمێننەوە. هەر لە مێرووەکانەوە کە سەدان هێلکە دادەنێن تاوەکو پشیلەکان کە شەش بەچکە دەخەنەوە ئەوە دەردەخات کە زیندەوەران بە بەردەوامی ژمارەیەكی زۆر لە وەچەکانیان لەرێگەی نەخۆشی، راوکردن و برسێتیەوە لەناودەچن.

دواجار، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە هەندێك لەو جیاوازیانەی کە لە وەچەکاندا هەن لە باوانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. داروین بەتایبەتی ئەمەی لە کۆتری ماڵیدا بەدیکردن کە لەماڵەکەی خۆیدا بەخێوی دەکردن. لەکاتێکدا کە داروین و واڵاس لەوە تێنەگەیشتن کە ئەم بۆمانەوەیە چۆن کار دەکات، ئێمە ئێستا لەوە تێدەگەین کە ئەم جیاوازیانە پەیوەندیان بە جینی جیاوازەوە هەیە کە لە زیندەوەرەکان هەڵگرین.

لەم سەرنجدانانەوە داروین و واڵاس لەهەمانکاتدا پێشنیازی ئەوەیان کرد کە لەبەرئەوەی زۆربەی وەچەکان بەهۆی واقعی قورسی سروشتەوە لەناودەچن، زیندەوەرەکان دەبێت هەوڵبدەن بۆ مانەوەیان. ئەوان وتیان کە تەنها ئەو زیندەوەرانەی کە ماوەیەکی درێژ دەژین بواری ئەوەیان دەبێت کە سیفاتەکانی خۆیان بۆ وەچەکانیان بەجێبهێڵن. بەمشێوەیە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، ئەو سیفاتانەی کە رێگە بە مانەوە و زۆربوونی زیندەوەرەکان دەدەن بڵاودەبنەوە. ئەو سیفاتانەی کە دەمێننەوە رێگە بە مانەوە دەدەن و بەمجۆرەش ژمارەی ئەو زیندەوەرانە زیاد دەکەن.

سەرچاوە: مۆزەخانەی جیهانی سروشتی، لەندەن، بەریتانیا. 




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure