بەڵگەکانی پەرەسەندن: بەڵگەی زیندوو

2019/09/17

لەکاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردنی سروشتی کە پاڵنەری پەرەسەندنە رۆژانە روودەدات، پەرەسەندنی جۆرەکان بەگشتی زۆر بەهێواشی روودەدات و تەنها لەرێگەی بەڵگەی ئێسکی بەبەردبووەوە پیشان دەدرێت. بەڵام تێڕوانینێکی ورد لە جیهانی سروشتی ئەوەمان بۆ ئاشکرادەکات کە پەرەسەندن دەتوانێت و توانیویەتی بە خێراییەکی سەرنجڕاکێش بەرەوپێشەوە بڕوات. ئەو خێراییەی کە لەرێگەیەوە پەرەسەندنی زیندەوەرێك روودەدات پەیوەندی بە شێوازی زۆربوونی ئەو جۆرە لە زیندەوەرەوە هەیە.

بۆ نمونە، ئەگەر زۆربوونی زیندەوەرەکانی جۆرێكی دیاریکراو لەرێگەی دابەشبوونەوە رووبدات، ئەوا خێرایی پەرەسەندن گەلێك هێواش روودەدات. بەڵام، ئەگەر زیندەوەرەکانی جۆرێکی دیکە لەرێگەی جووتبوونەوە زۆرببن، ئەوا پەرسەندن بە خێراییەکی زۆر زیاتر روودەدات. ئەو مێروو و وردە زیندەوەرانەی کە زۆرخێرا زۆردەبن بەشێوەیەکی خێراش پەرەدەستێنن.

نمونەیەکی دیاری پەرەسەندن لە مێژووی هاوچەرخدا پەرەسەندنی مێشولەی سێوی ئەمەریکای باکورە. مێشولەی سێو، وەك لەناوەکەیەوە دیارە، سێو خۆرن، بەڵام ئەمە هەمیشە بەمشێوەیە نەبووە. پێشتر ئەم مێشولانە لەسەر گۆیژ دەژیان و پێشیان دەوترا مێشولەی گۆیژ بەڵام لە سەدەی ١٧دا کاتێك کە سێو بۆیەکەمجار هێندرا بۆ ئەمەریکای باکور، هەندێك لە مێشولە گۆیژەکان دەستیاندایە خواردنی سێو. ئەم دابەشبوونە لە خۆراکدا مێشولەکانی کرد بە دوو گروپەوە، مێشولەی گۆیژ و مێشولەی سێو. هەردوو گروپەکە تائێستاش لە روی بایۆلۆجیەوە زۆر نزیکن لەیەکەوە، بەڵام لەبەر جیاوازی خواردنیان ئەم دوو گروپە چیتر لەنێوان یەکتردا جوتبوون ئەنجام نادەن.

 

سەرچاوە: مۆزەخانەی جیهانی سروشتی، لەندەن، بەریتانیا




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure