بەڵگەکانی پەرەسەندن چین؟

2019/09/17

ئێسکی بەبەردبووی دۆزراوەی زۆر کۆن و ئاژەڵانی زیندووی ئەمڕۆ بەڵگەن بۆ پیشاندانی پرۆسەی پەرەسەندن و یاریدەدەرن بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی کارکردنی پرۆسەکە.


بەڵگەی ئێسکەکان
پاشماوەی ئێسکی بەبەردبووی ئاژەڵ و رووەك کۆمەڵێك زانیاری زۆر دەدەن بە توێژەران.
زۆربەی ئێسکە بەبەردبووەکان لەو بەردانەدا دەدۆزرێنەوە کە لە ژمارەیەك چینی نیشتوو پێکهاتوون لە بنی ئۆقیانوس و دەریاچە و روبارەکاندا (بەردی نیشتوو). بەردە نیشتووە کۆنەکان لە بەشی ژێرەوەی ریزبەندی چینەکاندان و بەردە نوێکانیش لە بەشی سەرەوەدان. توێژەرانی بواری ژیانی دێرین تەماشای بەردە نیشتووەکانی بەشی ژێرەوەی ریزبەندەکان دەکەن. ئەگەر بیانەوێت سەبارەت بە ژیانی نوێتر شت بزانن، ئەوا تەماشای بەشی سەرەوەی ریزبەندەکە دەکەن. کاتێك کە ئەم توێژەرانە بەراورد لەنێوان ئاژەڵانی ئەمڕۆ و کۆندا دەکەن، دەتوانن ئەو لێکچونانە بدۆزنەوە کە لەنێوانیاندا هەن.


لە کۆتایی ١٨٠٠ کاندا، توێژەران بەڵگەی ئەوەیان دۆزیەوە کە باڵندەکان وەچەی مۆدێرنی داینەسورەکانن. بەڵگەی ئەمەش دۆزینەوەی ئەو داینەسورە بەبەردبووە بوو کە پەڕی هەبووە (ئارکیۆپتێریکس). بەڵام، تۆماری بەبەردووەکان هێشتا گەلێک دوورە لە تەواوبوونەوە. سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئارکیۆپتێریکسێك واتە داینەسورێکی باڵدار بەسەر دەریاچەیەکی تەنکی چۆڵدا فڕیوە و دواتر هەر لەوێدا مردووە و لاشەکەشی چۆتە ژیر چینە نیشتوەکانەوە. تائێستا، تەنها نۆ ئێسکی بەبەردبووی لەمجۆرە دۆزراوەتەوە.


ژمارەیەکی بێشومار لە جۆری جیاجیای زیندەوەران لە ژینگەی وەك دارستان و سەرشاخەکان دەژین و کاتێکیش کە دەمرن لاشەکانیان دەخورێن و لەناودەچن و نامێننەوە. بۆیە، توێژەران ئەرکێکی تۆقێنەریان لەسەرشانە: دروستکردنەوەی مێژووی ژیان لەسەر هەسارەکەمان لەرێگەی تەنها بەشێکی کەمی ئەو زیندەوەرانەوە کە رۆژێك لە رۆژان لەسەر زەوی ژیاون.

سەرچاوە: مۆزەخانەی جیهانی سروشتی، لەندەن، بەریتانیا.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure