وردەکاریەکانی پرۆسەی پەرەسەندن چین؟

2019/09/17

بەگشتی ئەوە پەسەندکراوە کە ئەم فرەچەشنیە سەرسوڕهێنەرەی ژیان لەسەر زەوی ئەنجامی پرۆسەیەکە پێی دەوترێت پەرەسەندن و هەر ئەم پرۆسەیەشە کە پاڵ بە زیندەروەرەکانەوە دەنێت وردە وردە گۆڕانیان بەسەردا بێت. لەکاتێکدا چەمکی بنەڕەتی پەرەسەندنی زیندەوەرەکان هێندە قورس نیە، تێگەیشتن لەوەی کە پەرەسەندن چۆن کار دەکات و چۆنێتی گەشەکردنی بیردۆزی پەرسەندن مەسەلەیەکی ئاڵۆزە.

ئایا پرۆسەی پەرەسەندن چۆن کاردەکات؟
پەرەسەندن ئەو پرۆسەیەیە کە لەرێگەوە وەچە سەرکەوتووەکانی زیندەوەران دەگۆڕێن. ئەم پرۆسەیە هۆکاری دروستبوونی ئەو فرەچەشنیەیە کەلەسەر زەوی دەبیندرێت.
پاڵنەری پەرسەندن ئەو راستیەیە کە هەموو زیندەوەران دەبێت هەوڵبدەن بۆ ئەوەی کە ئەوەندە لەژیاندا بمێننەوە تاوەکو وەچەبخەنەوە، ئەمەش لەجهیانێکدایە کە لێوانلێوە لە راوچی و نەخۆشی و کەمبوونەوەی سەرمایەکان.


بۆ ئەوەی زیندەورێك بمێنێتەوە لەوانەیە کە چەندین وەچە بخاتەوە کە ئەوانیش بەیەکسانی توانای وەچەخستنەوەیان هەبێت. ئەوانی دیکەش ناچارن کە خۆبەدووربگرن لە خوران و مردن بەهۆی نەخۆشیەوە. هەروەها دەبێت کێبڕکێ بکەن بۆ خواردن و لەوانەشە بۆ دۆزینەوە رەگەزی بەرامبەر. کاتێکیش کە جووتدەبن، دەبێت دڵنیابن کە وەچەکانیان دەتوانن بمێننەوە. هەندێك زیندەوەر هێندە دەژین کە بتوانن وەچەبخەنەوە و هەندێکیش وەچەی کەمتر دەخەنەوە و هەندێکی دیکەش تەنانەت فریای وەچەخستنەوەش ناکەون و دەمرن. ئەو زیندەوەرانەی کە وەچەدەخەنەوە و نەوەی سەرکەوتوو بەرهەمدێنن ئەوا "گونجاو"ترن بۆ مانەوە لەوانەی کە وەچەناخەنەوە. ئەو سیفاتانەی کە یارمەتی زیندەورێك دەدات تاوەکو "گونجاو"بێت ئەوا لە نەوەکانی داهاتوودا بەربڵاوتر دەبن لەو سیفاتانەی کە کەمتر "گونجاون". بەم پرۆسەیەش دەوترێت هەڵبژاردنی سروشتی.


هەڵبژاردنی سروشتی رەهەندێکی گرنگی پرۆسەی پەرەسەندنە، بەڵام هەموو چیرۆکەکە ناگێڕێتەوە. پەرەسەندن پشتدەبەستێت بە هەبوونی فرەچەشنی زیندەوەران تاوەکو هەڵبژاردنی سروشتی بتوانێت کاری خۆی لەسەر بکات. ئەو هێزەی کە ئەم فرەچەشنیە دروستدەکات پێی دەوترێت بازدان.


بازدان دەکرێت هێندە بچوك بێت کە ببێتە هۆی گۆڕانکاریەك لە زیندەوەراندا کە تەنانەت هەستیشی پێ نەکرێت، وەك ملێکی کەمێك درێژتر، یاخود دەکرێت ئاشکرابن، وەك پەلێکی زیادە. زۆربەی بازدانەکان رێگرن لەبەردەم گەشەکردنی زیندەوەراندا و دەبنەهۆی کوشتنیان پێش ئەوەی چانسی ئەوەیان هەبێت کە جینەکانیان بۆ وەچەکانیان جێبهێڵن.


بەڵام، هەندێکجاری کەم بازدان دەبێتەهۆی باشکردنی چاسنی مانەوە و زۆربوونی زیندوەرێك. لەم بازدانە دەگمەنانەدا ئەگەر زیندەوەرەکە هێندە بژی کە بتوانێت جووتببێت و وەچە بخاتەوە، ئەوا بازدانەکە دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەی دووەم. لەبەرئەوەی بازدانی بەسود چەکێکی مانەوە دەدات بە زیندەوەرەکان، زۆر بە خێرایی بە دانیشتوانی ئەو زیندەوەرەدا دەگوێزرێتەوە. کاتێکیش کە بازدانێك لە دەگمەنەوە دەبێتە بەربڵاو ئەوا بەو کۆمەڵە زیندەوەرە دەوترێت "پەرەسەندوو".


سەرچاوە: مۆزەخانەی جیهانی سروشتی، لەندەن، بەریتانیا. 




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure