بیردۆزی زانستی (scientific theory)

2018/12/13

وشەی بیردۆز لە زمانی کوردیدا ئاڵۆزییەکی زۆری لەدەورە و بەمەبەستی شیکردنەوە و پێناسەکردنی بیردۆزی زانستی ئەم وتارەمان ئامادەکردوە.
بیردۆزی زانستی بریتییە لە "راڤەکردنێکی تەواو راستەقینەی لایەنێک لە لایەنەکانی جیهانی سروشتی، لەسەر بنەمای گورزەیەک لە راستیی چەسپاو کە بەردەوام دەسەلمیندرێن لە رێگەی  سەرنج و تاقیکردنەوەوە. زانستکاران بیردۆزی زانستی لە رێگەی گریمەناوە دادەڕێژن، ئەو گریمانانەی بە میتۆدی زانستی پشتراستکراونەتەوە، پاشان دەگەڕێن بەدوای بەڵگەدا بۆ ساغکردنەوەی هەموو ئەگەرەکانی هەڵوەشاندنەوەیان. بە واتایەکی دی، هەموو ئەو ئەگەرانەی کە دەبنە مایەی پوچەڵکردنەوەی. وەک هەموو جۆرەکانی دیکەی زانینی زانستی، بیردۆزی زانستی بە پێی سروشتی خۆی بەرمەبنای هەڵهێنجانە و هەرگیز بانگەشەی شتێک ناکات کە چەسپاو و رەها بێت، لەبری ئەوە پشت دەبەستێت بە هێزە پێشبینیکار و راڤەکارەکان."


بۆ زیاتر تێگەیشتن لە بیردۆز (تیۆرە) واباشە پێناسەی گریمانەش (hypothesis) بکەین: گریمانە بریتییە لە راڤەکردنێکی پێشنیازکراوی دیاردەیەک.

لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەموو بیردۆزێک بە گریمانەیەک دەستپێدەکات و پاش ئەوەی بە سەرجەم کەناڵە باوەکانی لێکدانەوە و شیکار و تاقیکردنەوە و سەلماندنی زانستیدا تێدەپەڕێت، ئەوکات دەبێتە بیردۆز. بیردۆز لەو بارەدا وەک بنەمایەکی زانینی لێدێت کە لەسەر بنەمای ئەو، دیاردەی نوی شیکاردەکرێت و تاقیدەکرێتەوە و دیسانەوە تێگەیشتنیش لەو دیاردە نوێیانە دەچنە قاڵبی زانینی زانستییەوە و دەچەسپێن.
ئەوەی گرنگ و سەرنجڕاکێشە لە بیردۆزی زانستیدا ئەوەیە کە بناغەیەک دادەنێت بۆ زانین لەو بوارەی خۆیدا و سەرجەمی زانینەکانی دوای خۆی و فراوانتری دەکەن، دیسان هەمان بناغەی ئەو بەکاردەهێنن بۆ تێگەیشتن.

نمونەیەکی ئاشکرای بیردۆز لە بواری فیزیادا بریتییە لە بیردۆزی نیوتن بۆ هێزیکێشکردن و دواتر بیردۆزی رێژەیی تایبەت و گشتی ئەنیشتاین بۆ هێزیکێشکردن. بیردۆزەکەی ئەنشتاین شوڕشێکی گەورەیە لە مێژووی فیزیادا بەڵام لەسەر بناغەی بیردۆزی هێزی کێشکردنی نیوتن بەندە. واتە بەبێ بیردۆزی نیوتن، بیردۆزی ئەنشتاین نەدەبوو.

یەکێکی دیکە لە نمونە هەر گرنگ و باوەکان بیردۆزی پەرەسەندنی داروینە. دوای بڵاوکردنەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی "رەچەڵەکی جۆرەکان، لە رێگەی هەڵبژاردنی سروشتییەوە" کە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩ دا بڵاویکردەوە و شوڕشێکی ریشەیی لە تێگەیشتنی مرۆڤایەتیدا هێنایەکایەوە لەبارەی ژیان لەسەر زەوی و پەرەسەندنی فۆرمە جۆراوجۆرەکانی.

بیردۆزی پەرەسەندنی داروین چیتر لەوەدا نەماوە کە گریمانەیەک بێت، بەڵکو بیردۆزێکە و وەک هەموو راستییەکانی دیکە لە زانستدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ساڵانە بەڵگەی نوێ دەدۆزرێنەوە بۆ بەهێزکردنی تێزەکانی ئەو بیردۆزە. بەگوێرەی بیردۆزی پەرەسەندن، شێوە ئاڵۆزەکانی ژیانی زیندەوەران لەسەر زەوی لە شێوەی کەمتر ئاڵۆزەوە و بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ پەرەیانسەندوە و لە رێگەی هێزە فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجییەکانەوە هەمەجۆربوون و پەرەیانسەندوە و فۆرم و جۆر و قەبارە و خاسیەتی نوێیان لێکەوتۆتەوە.

بیردۆزی پەرەسەندن لەسەر ئەوە بەندە کە ئەو خاسیەت و سیافاتانەی گونجاون لەگەڵ دەوروبەردا دەمێننەوە و زاووزێ دەکەن و زیاد دەبن، ئەوانەشیان کە نەشیاون، لەناودەچن (قڕدەبن). ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە سروشتییە وەک سەنگی مەحەکی هەموو زیندەوەرێکە لەسەر زەوی: ئەگەر توانای مانەوە و خۆگونجانی هەبێت، ئەوا دەتوانێت زیادبکات و بمێنێتەوە؛ ئەگەر تواناشی نەبوو، لەناودەچێت.

لە سەد و پەنجا ساڵی رابردوودا زانستکارانی بایۆلۆجیا و جیۆلۆجیا و بەبەردبووەکان و ئێسکناسەکان ساڵانە لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی دەکەن و ئەو دۆزینەوە نوێیانەش بیردۆزەکە پشتراستدەکەنەوە. بەم پێیەش لە بواری بایۆلۆجیا و ژیاندا لەسەر زەوی تاقە بیردۆز و راڤەکردنی پەسەند لە زانستدا بریتییە لە بیردۆزی پەرەسەندن بۆ راڤەکردنی ژیان و هەمەجۆری زیندەوەران لەسەر زەوی. لە ئەوپەڕی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوا، لە باکورەوە بۆ باشور، هەموو ناوەندێکی زانستی و توێژینەوە، پێڕەوی بیردۆزی پەرەسەندن دەکەن بۆ تێگەیشتن لە زیندەوەران.

کاتێك کە کۆمپانیایەکی دەرمانسازی توێژینەوەدەکات بۆ دۆزینەوەی دەرمانی نوێ، پێڕەوی بیردۆزی پەرەسەندن دەکات. کاتێک کە تۆ خۆت یاخود کەسێکی نزیکت توشی هەوکردنێك دەبن و دەچنە لای پزیشک، هەرچییەک باوەڕ و دنیابینیت، ئەو پزیشکە لەسەر بنەمای بیردۆزی پەرەسەندن دەرمانی دژە بەکتریات دەداتی بۆ لەناوبردنی نەخۆشییەکەت.

باشترین نمونەی کارای بەردەوامی پەرەسەندن بریتییە لەو جۆرە نوێیەی میکرۆبی نەخۆشی سیل کە پێش نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دژەزیندە (ئەنتیبایتۆیک)ی دیاریکراوهەبوو بۆ چارەسەرکردن و لە هەموو دنیادا بەکاردەهات. بەڵام لە دوای نەوەدەکانەوە و لە زیندانەکانی وڵاتی رووسیا کە باری پاکژییان خراپ بوو، زیندانییەکان لە یەکترەوە توشی نەخۆشی سیل دەبوون و ئەو دەرمانە باوەیان پێدەدرا کە پێشتر بۆ چارەسەر بەکاردەهات.

ئەو دەرمانە زۆرێك لە میکرۆبەکانی سیلی دەکوشت، بەڵام هەندێك لەو میکۆربانە نەمردن چونکە بازدان تیایاندا روویدابوو و توانای بەرگرییان بەرامبەر بە دەرمانە باوەکانی پەیداکرد. ئێستا ئەو جۆرە لە میکرۆبی سیل بە هیچکام لەو دەرمانە باوانەی پێشتر لەناوناچێت چونکە میکرۆبەکە پەرەیسەندووە و پێویستە دەرمانی نوێ بدۆزرێتەوە بۆ لەناوبردنی.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure