یەک جین بەرپرسە لە رەنگی کەوڵی پڵنگی سپی

2017/11/25


زانستکارە چینیەکان هۆکاری گۆڕانی رەنگی کەوڵی ئاژەڵان و پێستی مرۆڤیان دۆزیەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ تەنها یەك گۆڕان لە جینێکدا کە بەرپرسە لە رەنگ.

پڵنگی سپی دەگمەن لە پڵنگی پرتەقاڵی بەنگالی جیابۆتەوە کە لقێکە لە جۆری پڵنگەکان.

لە ئێستادا ئەم پڵنگە دەگمەنە رەنگ ناوازانە تەنها لە ژێرچاودێری مرۆڤدا دەژین و لەبەر کەمی ژمارەیان بەرنامەی تایبەتیان بۆ دانراوە بۆ پاراستن و مانەوەیان.

شوجین لۆ و هاوەڵەکانی لە زانکۆی بەکین راپۆرتێکیان لە بڵاوکراوەی زانستی کەرێنت بایۆلۆجیدا بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا توێژینەوەیان لەسەر جینەکانی خێزانی ئەو پڵنگانە کردووە کە لە پارکی چایمڵۆنگ سەفاری لە ناوچەی پانیو لە شاری گوانجۆ لە وڵاتی چین دەژین.

ئەم گروپە لە پڵنگ هەردوو رەنگی سپی و پرتەقاڵی دەگرێتەوە.

توێژینەوەکە لێکۆڵێنەوەی لەو جینەکردوە کە پێی دەوترێت SLC45A2 و لە مێژە زانراوە کە بەرپرسە لە رەنگی کاڵی هەندێك مرۆڤ و ئاژەڵانی دیکەی وەك ئەسپ و مریشک و ماسی.

تیمی توێژینەوەکە گۆڕانکاریەکی بچوکیان لە جینی SLC45A2 دا دۆزیەوە کە لە پڵنگی سپیدا هەن و بۆیاندەرکەوت کە ئەو گۆڕانکاریە بووە بەهۆی رێگەگرتن لە خانەی رەنگکەری سور و زەرد. لەکاتێکدا، ئەم گۆڕانە هیچ کاریگەریەکی نەبووە لەسەر بەرهەمهێنانی خانەی رەنگکەری رەش و ئەمەش ئەوە روندەکاتەوە کە چۆن پڵنگە سپیەکان هێشتا هێڵی رەشیان هەیە.

هەندێك لە پڵنگە سپیەکانی پارکەکە کێشەی تەندروستیان هەیە وەك چاوکزی و هەندێك ناتەواوی جەستەیی.
لۆ و هاوەڵانی پێیان وایە کە ئەم کێشانە دەگەڕێنەوە بۆ زاوزێکردنی دەستکرد لەژێر کۆنرۆڵۆی مرۆڤدا و بەهیچ شێوەیەك رەنگە سپییەکەیان نیشانەی لاوازی ئەم جۆرە پڵنگە نیە.

پشتڕاستکردنەوەی ئەم پەیوەندیە لەنێوان گۆڕانی ئەم جینە و رەنگی پێستدا ئەوەش روندەکاتەوە کە چۆن رەنگی پێستی کاڵ لە مرۆڤدا دەرکەوتوە. لەماوەی نێوان ١٣٠ هەزار ساڵ بۆ ٦٢ هەزارساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ ئەفەریقای جێهێشتوە [کە لانکەی دروستبوونی مرۆڤە] بە کیشوەرەکاندا بڵاوبۆتەوە. لەگەڵ ئەم کۆچکردنەدا گەلێك گۆڕانکاری بەسەر شێوە و روخساری مرۆڤدا هاتووە و یەکێك لەو گۆڕانکاریانە گۆڕانکارییە لە رەنگی پێستی مرۆڤدا و دەرکەوتنی رەنگە جیاوازەکانی وەک ئەسمەر و سپی.

سەرچاوەکان
http://www.bbc.co.uk/news/science-environment-22638341
http://news.sciencemag.org/sciencenow/2013/03/clocking-the-human-exodus-out-of.html




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure