مێشکی مرۆڤ و مێش تا چەند لە یەک دەچن؟

2017/11/25

لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە لایەن زاناکانی کۆلێژی شاهانەی لەندەن و زانکۆی ئەریزۆنای ئەمریکییەوە، لێکچوونێکی زۆر دەخاتە ڕوو لە ڕێکخستنی هەڵسوکەوتەکان لە لایەن مێشکەوە لە نێوان گیانەوەرە پێ جومگەدارەکان (وەک مێش و قڕژاڵ) و بڕبڕەدارەکاندا (وەک مرۆڤ، ماسی، مشک).


ئەم دۆزینەوانە بەرچاو ڕونی زیاتر دەدەن بۆ تێگەیشتن لە زانستی پەرەسەندنی مێشک و هەڵسوکەوتەکان، وە هەروەها لەوانەیە یارمەتیدەر بن بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی دروستبوونی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار.


لەسەر بنەمای دۆزینەوەکانیان و ئەو زانیاریانەی تا ئێستا هەن لەو بوارەدا، زاناکان بەراوردیان کرد لە نێوان گەشە و کارکردنی ناوچەکانی ناوڕاستی مێشک لە پێ جومگەدارەکان (کە لەماندا بەو ناوچانە دەوترێت گرێی ناوەندی) و بڕبڕەدارەکاندا (لەماندا پێیان دەوترێت ناوکە بنکەییەکان).


توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوو ئەم پێکهاتەیەی مێشک لە قەدە خانە کۆرپەییەکانی بەشی بنەوەی پێشە مێشکەوە دروست دەبن، وە هەروەها (سەرەڕای جیاوازییەکی زۆر لە نێوان جۆرەکاندا) ناوچە جیاوازەکانیان بە بەراورد لەگەڵ یەکتری لە هەمان پڕۆگرامی جینییەوە دروست دەبن.


زاناکان باس لەوە دەکەن کە خانەکانی گرێی ناوەندی و ناوکە بنکەییەکان بە هەمان شێوە بە یەکەوە بەستراون و لەگەڵ یەکدا پەیوەندی دەکەن، بەمەش ڕێخۆشکەر دەبن بۆ ئەوهەڵسوکەوتانەی کە لەسەری ڕاهاتوون. یاخود دەتوانین بڵێین، وەڵامی مێشێک یان مشکێک بۆ هاندەرە ناوەکییەکانی وەکو برسێتی و خەو، یان بۆ هاندەرە دەرەکییەکانی وەکو ڕوناکی/تاریکی و پلەی گەرما، بە هەمان میکانیزمی دەماری ڕێکدەخرێن.


تێکچوونی ناوکە بنکەییەکان لە مرۆڤدا لەوانەیە نەخۆشی مەترسیداری وەکو (ئۆتیزم، شیزۆفرینیا، شیبوونەوەی دەمار- وەکو لە نەخۆشی پارکینسۆن و خەڵەفاوی و نەخۆشی دەمارە جوڵێنەرەکان دا-، هەروەها تێکچونی خەو، کەمبونەوەی تەرکیز، تێکچونی یادەوەی) لێبکەوێتەوە. بە هەمان شێوە، تێکچونی بەشەکانی گرێی ناوەندی لە مێشی میوەدا، هەمان ئەم نەخۆشییانە دروست دەکات تیایاندا.


دکتۆر (هیرس) لە زانکۆی شاهانە دەڵێت: ئەم لێکچونە زۆرەی نێوان مێشکی مرۆڤ و مێرووەکان بەڵگەی هەبوونی سەرچاوەیەکی پەرەسەندنی هاوبەشە. هەروەها شتێکی سەرسوڕهێنەرە کە دەتوانین لە تێکچوونی کاری مێشکی مێرووەکانەوە زۆرێک لەسەر چۆنێتی دروستبوونی نەخۆشییە دەمارییەکان لە مرۆڤدا فێرببین.
ئەم دۆزینەوانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سوڕەدەمارییەکان لە مێشکی پێجومگەدارەکان و بڕبڕەدارەکاندا لە باووباپیرانێکی هاوبەشەوە هاتوون کە پێکهاتەیەکی دەماری ئاڵۆزیان هەبووە کە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ هەڵبژاردن و هێشتنەوەی هەڵسوکەوتەکان.


هەرچەندە هیچ بەبەردبوویەکی ئەم باپیرانە هاوبەشە بەردەست نییە، بەڵام شوێنجێی بەبەردبوو، لە شێوەی ئەو شوێنجێیانەی کە بەدرێژایی بنکی دەریاکان لە سەدان میلیۆن ساڵەوە هەن، گۆڕانکاری مانادار لە ئاڕاستەدا دەخەنە ڕوو.


دکتۆر (شتراوسفێڵد) لە زانکۆی کالیفۆڕنیا دەڵێت: ئەگەر ئەم شوێنجێیانە بەراورد بکەین بەوانەی کە مێشە کرمۆکەیەک لەسەر پلێتی گەشەکردنەکەی دروستی دەکات یان بەو تونێلانەی کە مێرووی گەڵاخۆر دروستی دەکات، زۆر لە یەک دەچن. هەموو ئەمانە ئەوەدەگەیەنن کە گیانەوەران هەڵسوکەوتی جیاواز هەڵدەبژێرن، وە هەڵبژاردنی هەڵسوکەوت ڕێک ئەرکی گرێی ناوەندی و خانە بنکەییەکانە.


بەم شێوەیە، شوێنجێ بەبەردبووەکان پشتگیری ئەوە دەکەن کە لە کۆندا مێشکی گیانەوەرەکان هێندە ئاڵۆزبووە کە ڕێگەی هەڵبژاردنی هەڵسوکەوتەکان بدات، وە هەروەها ئەوەشمان بۆ ڕووندەکەنەوە کە بڕبڕەدارەکان و نابڕبڕەدارەکان هەمان ڕەگوڕیشەی پێکهاتە دەمارییەکانیان هەیە و لە هەمان باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ساینسدەیلی




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure