یەکەم چارەسەری جینی لە دژی پیربوونی خانەکان سەرکەوتو بوو

2017/11/25

لێکۆڵینەوەیەکی تازە کە پێکهاتبوو لە هاندانی خانەکان بۆ دروستکردنی (تێلۆمێرەیز)، ئەو ئەنزایمەی کە کاتژمێری بایۆلۆژی خاودەکاتەوە، سەرکەوتوو بوو.

ژمارەیەک توێژینەوە ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە دەکرێت تێکڕای ژیانی تاکەکانی زۆرێک لە جۆرەکانی زیندەوەر، بە شیردەرەکانیشەوە، درێژبکرێتەوە بە کارکردن لەسەر هەندێک جینی دیاریکراو. تا ئەمڕۆ ئەمە تەنها بە گۆڕینی هەمیشەیی جینەکان لە قۆناخی کۆرپەلەییەوە کراوە، کە ئەمەش لە مرۆڤدا کرداری نییە. توێژەرەوەکانی ناوەندی نیشتیمانی توێژینەوەی شێرپەنجەی ئیسپانی، کە لە لایەن (ماریا براسکۆ)وە سەرپەرشتی دەکرێن، ئەوەیان خستۆتە ڕوو، کە دەتوانرێت ژیانی مشک درێژ بکرێتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی چارەسەرێکەوە لە مشکە پێگەیشتووەکاندا کە ڕاستەوخۆ کار لەسەر جینەکانیان دەکات (چارەسەری جینی).

ئەو مشکانەی لە تەمەنی یەک ساڵیدا چارەسەریان بۆ کرا ٢٤% زیاتر ژیان، وە ئەوانەی لە تەمەنی دوو ساڵیدا بۆیان کرا ١٣% زیاتر ژیان. زیاتر لەوەش، چارەسەرەکە بووە هۆی باشبوونێکی بەرچاو لە تەندروستی مشکەکاندا و ئەو نەخۆشییانەی دواخست کە لەگەڵ تەمەندا ڕوودەدەن (وەک لاوازبوونی ئێسک و نەخۆشی شەکرە)، وە هەروەها چارەسەرەکە خۆی هیچ نەخۆشییەکی لێنەکەوتەوە (وەک شێرپەنجە، کە هەمیشە زاناکان لێی ترساون لەم جۆرە چارەسەرەدا).

چارەسەرە جینییەکە بریتی بوو لە پێدانی ڤایرۆسێک (کە جینەکانی گۆڕدرابوون) بە مشکەکان. جینەکانی ڤایرۆسەکە گۆڕدرابوون بە جینی ئەنزایمی (تێلۆمێرەیز) کە دەورێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی پیربووندا. ئەم ئەنزایمە کۆتایی کڕۆمۆسۆمەکان کە بە (تێلۆمێر) ناسراوە چاکدەکاتەوە. بەم شێوەیە دەبێتە هۆی هێواشکردنەوەی کاتژمێری ژیانی خانەکەو لە گەڵیدا هی زیندەوەرەکەش. کاتێک کە زیندەوەرەکە بە ڤایرۆسەکە توش دەکرێت، ڤایرۆسەکە وەک سەرچاوەیەک کار دەکات بۆ دابینکردنی (تێلۆمێرەیز) بۆ خانەکان.

زیندەوەرە پیربووەکان، شکاوی و برین لە ترشی ناوکییەکانیان دا کۆدەبێتەوە بە هۆی کورتبوونەوەی (تێلۆمێر)ەکانیانەوە. ئەم چارەسەرە جینییە، ئەو شکاوی و برینانە چاک دەکاتەوە.
(تێلۆمێر) وەک کڵاوێک وایە کە کڕۆمۆسۆمەکان دەپارێزێت، بەڵام ناتوانن بۆ هەتا هەتایە ئەم کارە بکەن. لەگەڵ هەر دابەشبوونێکی خانەدا ئەم (تێلۆمێرانە) کوورت دەبنەوە، هەتا وای لێدێت چیتر ناتوانن ئیشی خۆیان بەجێبهێنن. لە ئەنجامدا خانەکە ناتوانێت چیتر دەبەش بێت و پیر دەبێت و دەمرێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ساینس دەیلی




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure