کونە ڕەشەکان چین

2017/11/25

کونە ڕەشەکان بریتین لەو شوێنانە لە بۆشاییدا کە هێزی کێشکردنیان هێندە بەهێزە تەنانەت ڕووناکیش ناتوانێت لێیانەوە دەربچێت. کونە رەشەکان هێزی کێشکردنیان زۆرە لەبەر ئەوەی بڕێکی زۆر ماددە ئاخنراوەتە بۆشاییەکی بچووکەوە.
لەبەر ئەوەی رووناکیان لێوە دەرناچێت، کونە ڕەشەکان بەچاو نابینرێن، کەواتە نەبینراون. تەلەسکۆبەکانی بۆشایی ئاسمان کە ئامێری تایبەتیان تێدایە، دەتوانن کونە رەشەکان بدۆزنەوە. ئەو ئامێرە تایبەتانە دەتوانن دەریبخەن کە چۆن ئەو ئەستێرانەی لە کونە ڕەشەکانەوە نزیکن رەفتاریان جیاوازە لەگەڵ ئەستێرەی دیکەدا.

کونە رەشەکان چەند گەورەن؟
قەبارەی ئەم کونە ڕەشانە جیاوازن. زاناکان پێیان وایە بچووکترینیان هێندەی گەردیلەیەک دەبێت. ئەم جۆرە کونە ڕەشانە زۆر بچووکن، بەڵام بارستاییەکەیان هێندەی بارستایی شاخێکی گەورەیە. بارستایی بریتییە لە بڕی ئەو مادەیەی (یان ئەو شتانەی) لە ناو تەنێکدان.
جۆرێکی دیکەی کونی رەش پێیدەوترێت 'ئەستێرەئاسا (stellar)' دەشێت بارستاییەکەی نزیکەی (٢٠) هێندەی بارستایی خۆر بێت (بارستایی خۆر= 1.9891 × 1030 کیلۆگرام). ئەگەری هەیە لەم کاکێشانەی خۆماندا (ریگەی شیری) چەندین کونی ڕەشی ئەستێرەئاسا هەبن.
کونە ڕەشە هەرە زەبەلاحەکان پێیان دەوترێت (گەورەبارستە)، کە بارستاییەکانیان لە بارستایی یەک ملیۆن خۆر زیاترە. زاناکان بۆیاندەرکەوتووە کە لە ناوەندی هەر کاکێشانێکی گەورەدا، کونێکی ڕەشی گەورەبارستە هەیە. ئەوەی کاکێشانەکەی ئێمە پێی دەوترێت (کەوانی ا) و بارستاییەکەی یەکسانە بە چوار ملیۆن خۆر و لەناوی تۆپێکی یەکجار گەورەدا جێگەی دەبێتەوە کە ئەو تۆپە چەند ملیۆن زەوییەک دەگرێت.

کونە ڕەشەکان چۆن درووستدەبن؟
زاناکان بروایانوایە کونە ڕەشە بچووکترەکان لەگەڵ دروستبوونی گەردووندا دروستبوون. کونە ڕەشە ئەستێرەئاساکان لە داڕمانی ئەستێرە زۆر گەورەکانەوە بۆناو خۆیان دروستدەبن. کاتێکیش ئەمە روودەدات پێیدەوترێت 'سوپەر نۆڤا'. سوپەر نۆڤا بریتییە لە ئەستێرەیەکی تەقاوە کە پارچەکانی بەناو بۆشاییدا بڵاودەکاتەوە. زاناکان بڕواشیان وایە کۆنە رەشە گەورەبارستەکان لەگەڵ ئەو کاکێشانانەدا دروستبوون کە لە ناوەندیاندان.

کە کونە رەشەکان "تاریکن"، زانایان چۆن دەزانن بوونیان هەیە؟
کونە ڕەشەکان نابینرێن چونکە هێزی کێشکردنی بەهێز هەرچی ڕووناکی هەیە ڕادەکێشتە ناوەڕاستی کونە رەشەکانەوە. بەڵام زاناکان دەبینن چۆن ئەو هێزی کێشکردنە کاردەکاتە سەر ئەستێرە و گازەکانی دەوروبەری کونە رەشەکان. زاناکان دەتوانن توێژینەوە لەسەر ئەستێرەکان بکەن بۆ ئەوەی بۆیان دەربکەوێت ئایا ئەو ئەستێرانە لە کونی رەشەوە نزیکن یاخود بە دوریدا دەسوڕێنەوە.
کاتێک کونێکی ڕەش و ئەستێرەیەک لەیەک نزیکدەبنەوە، ڕوناکییەکی وزەبەرز دروستدەبێت. ئەم جۆرە لە رووناکی چاوی مرۆڤ نایبینێت. زانایان سەتەلایت و تەلەسکۆبی بۆشایی ئاسمان بەکاردەهینن بۆ بنینی ئەم رووناکییە وزەبەرزانە.

ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کونێکی ڕەش زەوی وێرانبکات؟
کونە رەشەکان لە گەردووندا بەدوای هەڵلوشینی ئەستێرە و هەسارەوە مانگەکانەوە نین. زەوی ناکەوێتە ناو کونێکی رەشەوە لەبەر ئەوەی هیچ کونێکی ڕەش ئەوەندە لەم کۆمەڵە خۆرەی ئێمەوە نزیک نییە تاوەکو شتی وەها ڕووبدات.
تەنانەت ئەگەر کونێکی ڕەش، کە بارستاییەکەی هێندەی بارستایی خۆر بێت، جێگەی خۆر بگرێتەوە، هێشتاش ناتوانێت زەوی هەڵلوشێت. ئەوکات زەوی و هەسارەکانی دیکە  بەدەوری ئەو کونە رەشەدا دەسوڕێنەوە چونکە هێزی کێشکردنی ئەو کونە رەشە یەکسان دەبێت بە هێزی کێشکردنی خۆر.    
ئەم خۆرەی ئێمە هەرگیز نابێت بە کونی ڕەش چونکە خۆر هێندە گەورە نییە کونی ڕەشی لێدروستبێت.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure