ئایا مرۆڤ بۆچی پێویستی به‌ نوستنه‌؟

2019/03/21

تۆم ستافۆر، بی بی سی
ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ زانایانی سه‌رسام كردووه‌، به‌ڵام ئێستا چه‌ند بیردۆزێکی سه‌رنجڕاكێش هه‌ن كه‌ هۆكاری پێویستیمان به‌ نوستنی رۆژانه‌ روون ده‌كه‌نه‌وە.
هه‌ندێك كه‌س پێویسیان به‌ هەشت كاتژمێر نوستن هه‌یه‌. هه‌ندێك به‌ چوار، ماوه‌كه‌ هه‌رچه‌ند بێت بنچینه‌ی مه‌سه‌له‌كە ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو پێویستمان به‌ نوستن هه‌یه‌، چونكه‌ نوستن وه‌ك هه‌ناسه‌دان و خواردن پێویستیه‌كی بنه‌ڕه‌تیه‌. به‌ڵام، سه‌رباری چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌ توێژینه‌وه‌، هێشتا زاناكان نازانن كه‌ بۆچی ده‌نوین.

سه‌رڕای ئه‌مه‌ش چه‌ند بیردۆز و سه‌ره‌داوێكی سه‌رنجڕاكێش هه‌ن. یه‌كێك له‌و سه‌ره‌داوه‌ ئاشكرایانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موومان دوای خه‌وێكی باش هه‌ست به‌ ئارامی ده‌كه‌ین و هه‌روها هه‌ست به‌ بێزاریش ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر شه‌وێك نەخەوین. له‌ مرۆڤدا، پێداویستی خەوتن هێنده‌ به‌هێزه‌ كه‌ دوای چه‌ند رۆژێك هیچ شتێك ناتوانێت به‌ به‌ئاگایی بتهێڵێته‌وه‌. توێژینه‌وەکان دەریانخستووە كه‌ خه‌ڵك هەبوون به‌ پێوه‌ خه‌ویان لێكه‌وتووه‌، ته‌نانه‌ت لێدانی جه‌سته‌یی و مۆسیقای ئێجگار به‌رزیش رێگەی خەوتنی لێنەگرتوون.

دوای چه‌ند رۆژێك له‌ بێخه‌وی، خه‌ڵك هەست بە وڕبوون و له‌یادچوونەوە و وڕێنە ده‌كه‌ن. (ژماره‌ی پێوانه‌یی جیهانی بۆ نه‌نوستن یانزه‌ رۆژه‌). به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌نوین له‌به‌رئه‌وه‌ی ماندوو ده‌بین وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بڵێین نانده‌خۆین له‌به‌رئه‌وه‌ی برسیمان ده‌بێت. راسته‌ هۆكاری نوستن ماندووبونه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ بۆچی پێوسیتمان به‌ نوستنه‌.

کۆمەکی یادەوەری
یه‌كێك له‌و بیردۆزانەی كه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوستن یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ خستنەگەڕ و كۆكردنه‌وه‌ و چڕكردنه‌وه‌ی یادەوەری. سیستەمی یادەوەریی مرۆڤ جیهانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری سایكۆلۆجیه‌ و هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ دەریانخستووە كه‌ نوستن هه‌ندێك كاری پشت پەردەی شانۆی یادەوەری ده‌كات.

بۆ نمونه‌، ماسیو وۆڵكه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی له‌ زانكۆی كالیفۆڕنیا تاقیكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌ند خۆبه‌خشێكدا ئه‌نجامدا و تیایدا توانای كه‌سه‌كانیان تاقیكرده‌وه‌ له‌ بواری وه‌ك بیرمانی ریزبه‌ندی چه‌ند هێڵكاریه‌ك سه‌ر كۆمپیوته‌ر. نیوه‌ی خۆبه‌خشه‌كان له‌ به‌یانیدا ئه‌م هێڵكاریانه‌یان له‌به‌ركرد (فێربوون) و نیوه‌كه‌ی دیكه‌شیان له‌ ئێواراندا. بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی زاكیره‌یان خۆبه‌خشه‌كان بانگكرانه‌وه‌ بۆ تاقیگه‌كه‌، ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی كه‌ له‌ به‌یانیاندا هێڵكاریه‌كانیان له‌به‌ركردبوو دوای رۆژێكی ته‌واو به‌بێ نوستن هاتنه‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش كه‌ له‌ ئێواراندا له‌به‌ریانكردبوو دوای شه‌وێك له‌ نوستن هاتنەوە. به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌و نوستبوون زاكیره‌یان باشتر بوو بۆ بیرکەوتنەوەی هێڵكاریه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كه‌.

هه‌روەها هه‌واڵێكی خۆشمان لایه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ حه‌زیان له‌ سه‌رخه‌وشكاندنه‌. تاقیكردنه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشوو سه‌لماندویه‌تی كه‌ سه‌رخه‌وشكاندن به‌ رۆژ، یادەوەری به‌هێزده‌كات. له‌به‌رئەوە‌، ئه‌گه‌ر زۆر خۆت ماندوو ده‌كه‌یت به‌ سه‌عیكردن و كاركردن له‌ به‌یانیاندا، ئه‌گه‌ر ویستت سەرخەوێک بشکێنیت، ئەوە یەیک و دووی لێمەکە.

یه‌كێك لە قوتابخانه‌ هزرییەکان پێیوایە نوستن یارمه‌تی یادەوەریمان ده‌دات له‌ رێگه‌ی نوێكردنه‌وه‌ (ریفرێشكردنه‌وه‌) و رێكخستنیه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر بیری رۆژانه‌مان له‌ به‌ئاگاییدا. به‌ڵگه‌كان بۆ ئه‌مه‌ش له‌چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن كه‌ میتۆدی تۆماركردنی مێشكیان به‌ راسته‌وخۆیی به‌كارهێناوه‌. بۆ نمونه‌ كاتێك كۆمەڵێك‌ جرج وەها راهێندرابوون شوێنی خۆیان له‌ رێگه‌ی پێچاوپێچدا بدۆزنه‌وه‌، مێشكیان هه‌مان چالاكیان تۆماركردبوو له‌ كاتی نوستن و له‌و كاته‌شدا كه‌ خه‌ریكی دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌یان بوون. ئه‌مه‌ش پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مێشك هه‌وڵی سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌زمونه‌كه‌ ده‌دات.

هه‌روها، له‌وانه‌یه‌ پشودانێك یارمه‌تی هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی خراپ بدات. ساڵی پار (٢٠١١) توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن گروپه‌كه‌ی وۆڵكه‌ره‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و تیایدا ئه‌و پێشنیازه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ كرا بوو كه‌ له‌وانه‌یه‌ مێشك له‌كاتی نوستندا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوی ناخۆش و دڵته‌زێندا بكات.

خه‌و ببینه‌
هه‌ر له‌مه‌وه‌ تێڕوانینێكی گرنگمان ده‌ستده‌كه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری خه‌وبینین. ئه‌و سه‌ركه‌شیه‌ سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی كه‌ مێشكمان له‌ كاتی نوستندا ئه‌نجامیان ده‌دات له‌وانه‌یه‌ به‌رهه‌می ئه‌وه‌ بن كه‌ یادەوەرییمان به‌ شێوه‌یه‌كی بێبه‌رنامه‌ كارا ده‌كرێت تاوه‌كو به‌ نوێیی بمێننه‌وه‌ و هه‌روه‌ها مێشكیش بتوانێت ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا دروستبكات كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌زموون كراون. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ رونبكاته‌وه‌ كه‌ بۆچی بێخه‌وی، مرۆڤ توشی وڕێنە ده‌كات. ئه‌گه‌ر مێشك كاتی نه‌بوو بۆ رێكخستنی یادەوەریمان له‌ كاتی نوستندا، ئه‌وا خه‌وبینین دێته‌ناو ژیانی به‌ئاگاییمانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌ نه‌توانین واقیع لەوە جیابكاینه‌وه‌ کە لەناو سەرماندا دەگوزەرێت.

به‌شێكی زۆری ئەمه‌ پێشبینی پشتڕاستە به‌ زانیاری. هه‌روها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ كاتێك مێشكمان سه‌رقاڵی خۆرێكخستنه‌، له‌شیشمان سود له‌و كاته‌ وه‌ربگرێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ندێك كاری ناوماڵ، بۆ نمونه‌، چاكردنه‌وه‌ی خانه‌ی تێكچوو یان برینداری ناو لەش.

به‌ڵام هه‌ندێك زانا پێیان وایه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئامانجی نوستن چاكردنه‌وه‌ی نه‌بێت. له‌راستیدا، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ هه‌ر پرسیاری بۆچی ده‌نوین؟ هه‌ڵه‌یه‌ و پرسیاره‌ راست ده‌بێت بریتی بێت له:‌ ئایا بۆچی به‌ئاگاین؟. ئه‌گه‌ر تۆ گه‌رموگوڕ و تێروپڕ و سه‌لامه‌ت بیت، ئه‌وا به‌ئاگابوون و جموجوڵ بریتییه‌ له‌ به‌فیڕۆدانی وزه‌ و له‌وانه‌شه‌ خۆتوشكردن بێت به‌ كێشه‌. به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه‌، زۆر باشتره‌ كه‌ ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ به‌ئاگابیت كه‌ پێویسته‌ و كاته‌كانی دیكه‌ش نوستبییت.

ئه‌و مەسەلەیەی كه‌ دڵنیاین لێی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌بێت بنوین به‌ڵكو به‌سودیشه‌ بۆ مێشك و له‌ش. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ریه‌كه‌ پێویستی به‌ كاتێكی جیاواز هه‌یه‌ له‌ نوستن، تێكڕاكه‌ی حه‌وت كاتژمێره‌ و ئه‌وه‌ كه‌سانه‌ی كه‌ زۆر كه‌متر له‌مه‌ ده‌نون ئه‌گه‌ری توشبونیان به‌ چه‌ندین نه‌خۆشییەک هه‌یه‌ وه‌ك نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و هه‌روه‌ها ته‌مه‌نیشیان كورت ده‌بێت.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure