"پێداچوونەوەی هاوشان peer review" چییە؟

2019/09/17

زانستکاری بەناوبانگ ئایزک (ئیسحاق) نیوتن، کە یەکێکە لە گەورەترین ناوەکانی مێژووی زانست، گوتویەتی: "ئەگەر من زیاترم دیبێت، ئەوا تەنها لەڕێی راوەستانەوە بووە لەسەر شانی زەبەلاحەکان." ئەگەر دۆزینەوەی زانستی پرۆسەی راوەستان بێت لەسەر شانی زەبەلاحەکان، ئەوا پێداچوونەوەی هاوشان peer reviews زەمانەتی لە پتەویی ئەو شانانە دەکات.
هەموو کەس دەتوانێت بە جیهان بڵێت کە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگی ئەنجامداوە. بەڵام ئایا ئەو تاقیکردنەوەی ئەنجامیداو بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە تاوەکو چ ئاستێک باش بووە؟ ئایا دەتوانین متمانە بەو زانینە نوێیە بکەین و بەکاری بهێنین وەک بنەمایەک بۆ توێژینەوەی زیاتر؟

لەڕێی تۆمارکردنی سەرتاپای پرۆسەی تاقیکردنەوەکەوە، لە گریمانەکردنەوە تاوەکو دەگاتە دەرئەنجام، شارەزایانی دیکەی بوارەکە دەتوانن تەواوی نەخشەداڕێژی تاقیکردنەوەکان و رەوایەتی زانیارییەکان هەڵبسەنگێنن.

نوسراوی توێژینەوە
سەرجەم پێکهاتەکانی تاقیکردنەوە بە "نوسراو" ناسراوە. ئەو نوسراوانە لە بڵاوکراوەی مانگانە یان ساڵانەدا بڵاودەکرێنەوە کە پێیان دەگوترێت "گۆڤار جۆرناڵ- journals". زۆربەی گۆڤارەکان لە بوارێکی دیاریکراوی توێژینەوەدا تایبەتمەندن. ئەمەش گرنگە چونکە شارەزایی تایبەت لە دەوری بواری تایبەتی زانستی کۆدەکاتەوە.
گۆڤارەکانی وەک 'نەیچەر-Nature (سروشت)' و 'سایەنس-science (زانست)' زۆر بەربڵاون و ژمارەیەکی زۆر خوێنەری نائەکادیمیشیان هەیە. هەردوو گۆڤارەکە بواری زۆر جیاجیا دەگرنەوە و بابەتەکانیان لە بەرژەوەندی جەماوەردان.

پرۆسەی پێداچوونەوەی هاوشان
زانستکارە پرۆفێشناڵەکان هەوڵدەدەن سنورەکانی زانین بەرەوپێش بەرن. هەوڵەکانی فریودانی ئەکادیمیکاران لە رێگەی ئەنجامەی ناتەواوەوە، یەکجار کەمن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەشێت تەنانەت نیەتباشترین زانستکاریش هەژمارێک بەهەڵە بکات یاخود چاو لە کەموکورییەکانی تاقیکردنەوەیەک بپۆشێت. پێداچوونەوەی هاوشان ئەو کاتە بەکاردەهێنرێت کە زانستکارێک کارەکانی دەنێرێت بۆ گۆڤارێک بۆ بڵاوکردنەوە یاخود کاتێک داوایەک پێشکەشدەکات بۆ کۆمەکی دارایی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر. لیژنەیەکی لێهاتوو خستنەڕوو یاخود دۆزینەوەکانی زانستکارەکە هەڵدەسەنگێنێت. لیژنەکە دەگەڕێت بەدوای هەڵە و فەرامۆشی و هەر بیرکردنەوەیەکی کەموکورت، ئەگەر هەبێت.

دەرئەنجامەکانی پرۆسەی پێداچوونەوەی هاوشان بریتیین لە: قبوڵکردنی بێمەرجی نوسینەکە یان پێشنیاری توێژینەوەکە؛ قبوڵکردنی مەرجدار بەرمەبنای ئەوەی هەندێک گۆڕانکاری دیاریکراو ئەنجام دەدرێن؛ یاخود رەتکردنەوە. کاتێک بابەتی پێشکەشکراو قبوڵدەکرێت بۆ بڵاوکردنەوە لە گۆڤارەکەدا، ئەو کاتە کاری توێژینەوەکە دەکەوێتە بەر رەخنە و پێداچوونەوەی کۆمەڵێکی بەرفراوانتری شارەزایان لە هەمان بواری توێژینەوەکەدا. ئەوانەی دەستیان بە توێژینەوەکە رادەگات، دەتوانن هەموو هەنگاوەکانی ئەزمونەکە شیکاربکەن و سەرنجی خۆیان لەبارەی دروستیی نووسینەکە و دۆزینەوەکانییەوە بخەنەڕوو.

گرفتەکانی پێداچوونەوەی هاوشان
سەرباری هەموو باشییەکانی، پێداچوونەوەی هاوشان سیستەمێکە لە هەڵە بەدەرنیە. چەندین نمونەی دیاری بڵاوکراوە هەن کە لەسەر بنەمای فریودان یاخود بەرمەبنای ئەنجامگەلی نادروست ئەنجامدراون. ئەنجامی لەو جۆرە کاتێک ئاشکرا دەبن کە کەسانی دیکە نەتوانن دووبارەیان بکەنەوە. هاوشێوەی پیشەکانی دیکەش، هەندێکجاریش تۆمەتی خزمخزمێنە و لایەنگیریی (تحیز) لەنێو مەعشەری زانستیدا هەیە. پێداچوونەوەی نادیار وا دەکات ئەگەری لایەنگیریی کەمتربێت.




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure