دی ئێن ئەی (DNA) دێرین

2019/09/17


توێژەرەکان توانییان ریزبهندی سەرجەم پێکهاتە بۆماوەییەکانی کچێکی سایبیریا زیاد لە ٣١ جار تۆماربکەن، لە رێگەی بەکارهێنانی میتۆدێکی نوێوە کە تاكە داوەکانی دی ئێن ئەی گەورەتر دەکات. وەک لە گۆڤاری زانستیشدا بڵاوکراوەتەوە، توێژەرەکان ریزبەندی زیاد لە سەدا ٩٩ی پێکهاتە بۆماوەییەکانیان لانی کەم ١٠ جار تۆمارکردوە، بەمەش ئەو توێژەرانە وێنەیەکی ریزبەندی بۆماوەیی ئەو کچە دێرینەیان لەبەردەستدایە کە هاوشێوەی ریزبەندیی بۆماوەیی هەر مرۆڤێکی زیندووە. ئەم وردەکارییەش رێگە بە توێژەرەوەکان دەدات ریزبەندیی بۆماوەیی ئەو کچە راستەخۆ بەراورد بکەن لەگەڵ هی مرۆڤێکی زیندوودا بۆ تۆمارکردنی کەتەلۆگێکی "نزیکە پڕاوپڕی" ئەو گۆڕانکارییە بۆماوەییانەی کە ئێمە جیادەکاتەوە لە مرۆڤی دێنیسۆڤان کە خزمی نزیکی مرۆڤی نیاندەرتاڵبوون.


ئەو کچەی کە ساڵی ٢٠١٠ لە ئەشکەوتی دێنیسۆڤا لە سایبیریا دۆزرایەوە، تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٥٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئێستا مرۆڤی دێنیسۆڤا بە تەواوەتی لەناوچووە. زاناکان ئێسکی پەنجەی ئەو کچەیان دۆزیەوە و شیکاریان کرد و لەو شیکارەدا دەرکەوت کە لەڕووی بۆماوەییەوە جیاوازە لە مرۆڤی مۆدێرن (واتە ئێمە) و مرۆڤی نیاندەرتاڵ. لە هەمان ئەشکەوت لە شاخی ئالتیا لە سایبیریا مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی مۆدێرنیش ژیاون.


مرۆڤی دێنیسۆڤا هاوکات لەگەڵ مرۆڤی مۆدێرن و نیاندەرتاڵدا ژیاوە و لەگەڵ یەکتر جووتبوون و لە ئێستادا نزیکەی لەسەدا شەشی پێکهاتەی بۆماوەیی مێلانیزییەکان و ئەبۆریجنەکان (مرۆڤە رەسەنەکانی ئوستورالیا) لە مرۆڤی دێنیسۆڤاوە بۆیان ماوەتەوە. هەروەها دەردەکەوێت کە مرۆڤی دێنیسۆڤا و نیاندەرتاڵ هەمان رەچەڵەکیان هەیە و خزمی نزیکی یەکترن.
مرۆڤی نیاندەرتاڵ جۆرێکی تر بووە لە مرۆڤ و بەڵگە ئارکیۆلۆجییەکان دەریدەخەن کە نیاندەرتاڵ لە وادەی نێوان ٦٠٠ هەزار ساڵ بۆ ٣٥٠ هەزار ساڵ بەرلەئێستا پەرەیان سەندوە و ژیاون، و دوایین بەڵکەی ئێسکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ کە دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٤ هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر. زانایان لەو بڕوایەدان کە لەو ماوەیەوە مرۆڤی نیاندەرتاڵ بەتەواوی لەناوچووە.


سه‌رچاوه‌




Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure