بایەخی کوانتەم میکانیکس چیە؟

2017/11/25

بەشبەشیی (پارچەپارچەیی) وزە
ئەگەر تەماشای ئاستەڕەنگییەکانی تیشك بکەیت کە لەلایەن ئەتۆمێکی وزەدارەوە دەردەدرێت (بۆ نمونە تیشکی پرتەقاڵی زەردباو کە لەلایەن تۆزی سۆدیۆمی گڵۆپی سەر شەقامەکانەوە دەردەدرێت) تێبینی ئەوە دەکەیت کە تیشکەکە لە هێڵی جیاجیای رەنگی جیاواز پێکهاتووە. ئەم هێڵە جیاوازانەی تیشك مانای هەبوونی ئاستی جیاجیای وزەن لە ئەتۆمە وروژاوەکەدا (واتە ئەو ئەتۆمەی کە تیشکەکە دەردەدات). کاتێك ئەتۆمێك لەرێگەی وزەوە دەوروژێندرێت، ئەوا ئەلەکترۆنەکان ئاستی وزەی خۆیان دەگۆڕن، واتە یان بەرز دەبنەوە یان نزم دەبنەوە. لەگەڵ ئەم گۆڕینی ئاستەدا، وزە دەردەدەن و وزەش هەڵدەمژن. واتە، ئەگەر ئەلەکترۆنێك لە ئاستێکی وزەی بەرزەوە بچێتە ئاستێکی وزەی نزم (دابەزین)، ئەوا ئەتۆمەکە فۆتۆنێکی تیشك دەردەدات ئەم فۆتۆنەش یەکسانە بە جیاوازی نێوان ئەو دوو ئاستەی کە ئەلەکترۆنەکە جێگۆڕکێی تێدا کردووە (بەگوێرەی یاسای مانەوەی وزە (پاراستنی وزە)).
تاوەکو جیاوازی وزەی نێوان دوو ئاستەکە زۆرتر بێت، ئەو فۆتۆنەی دەردەدرێت وزەی زیاتری دەبێت و رەنگەکەشی نزیکتر دەبێت لە رەنگی وەنەوشەییەوە کە لە کۆتایی ئاستەڕەنگییەکاندایە (وەک لە پەلکە زێڕینەدا دەردەکەوێت). ئەگەر ئەلەکترۆنەکان ملکەچی ئاستی جیاجیای وزە نەبوونایە، ئەوا ئەلەکترۆنێك لە ئەتۆمێکی وروژاودا سەرجەم رەنگەکانی تێدا دەبینرا (لە سورەوە بۆ وەنەوشەیی)، نەك تەنها هێڵکی جیاجیای تیشك. 

ئەم راستیە دەکرێت لە رێگەی گڵۆپێکی فرەئاست (هەبوونی چەند واتێك لەجیاتی یەك دانە) رەنگەوە پشتڕاستبکرێتەوە. ئەگەر گڵۆپێك بە ٤٠، ٧٥، ١١٥ وات کاربکات، کاتێك واتەکەی دەگۆڕیت دەبینیت رۆشنایی گڵۆپەکە راستەوخۆ دەگۆڕێت نەك وردە وردە زیادبکات. ئەمەش مانای وایە تیشکەکانی گڵۆپەکە پێکنەهاتوو لە تێکەڵەیەك لە ئاستەکانی وزە بەڵکو، هەر ئاستێکی وزە هێڵی جیاجیا و بەشبەشی خۆی هەیە. 

لەبەرئەو راستیەی کە ئەلەکترۆنەکان تەنها لە ئاستی جیاجیای وزەدا بونیان هەیە، نابینین ئەلەکترۆنەکان خۆیان بکێشن بە ناوکەکاندا و وێران ببن، چونکە بەگوێرەی فیزیای کلاسیك دەبوایە ئەمە رویبدایە. هەروەها لەبەئەوەی وزە لە بەشی جیاجیا پێکهاتووە کە پێیان دەوترێت کوانتەم و هەروەها لەبەرئەوەی چەند خاسیەتێکی دیکەی ئەتۆم بەشبەشن، ئەم بەشەی فیزیا ناونراوە فیزیای کوانتەم یان کوانتەم میکانیکس.  



Zanstekan copyright 2015 © . All right reserved
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure